هەڵسەنگاندنی نوێی هەواڵگریی ئەمریکا: جەنگی شوبات و مەتەڵە ئەتۆمییەکەی تاران
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایانکرد، هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ماوەیەی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستیەتی، لە دوای هاوینی ڕابردووەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە؛ ئەمەش سەرەڕای ئەو هێرشە سەربازییە چڕانەی کە لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە لەلایەن واشنتۆن و تەلئەبیبەوە کرانە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
هێرشەکان و خشتەی کاتی
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەو هێرشانەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا کرانە سەر دامەزراوەکانی (نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان)، توانییان خشتەی کاتیی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ٣ بۆ ٦ مانگەوە، بۆ ماوەی ساڵێک دوا بخەن. بەڵام جەنگی ئەم دواییەی ئیدارەی ترەمپ کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستیپێکرد، نەبووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی زیاتر لەو خشتە کاتییەدا، چونکە زوومەکە زیاتر لەسەر توانا سەربازییە تەقلیدییەکان و پیشەسازی بەرگری ئێران بووە.
کێشەی یۆرانیۆمی پیتێنراو
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، پەکخستنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران پێویستی بە لەناوبردن یان گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە ناتوانێت چارەنووسی ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠٪ دیاری بکات، کە گومان دەکرێت نیوەی ئەو بڕە لە ناو تونێلە قووڵەکانی ژێر زەوی لە سەنتەری توێژینەوەی ئەسفەهان حەشار درابێت.
ستراتیژی "مەقەستی" ئەمریکا و ئیسرائیل
ئۆلیڤیا وێڵز، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تێکشکاندووە، و ئۆپەراسیۆنی دواتر بە ناوی "داستانی توڕەیی" بنکە پیشەسازییەکانی تارانی کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا ئیسرائیل جەختیکردووەتەوە لە سەر لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان، ئەمریکا زیاتر سەرنجی لەسەر لاوازکردنی توانای سەربازیی و سەرکردایەتی ئێران بووە.
مەترسییەکانی "سەرکەوتنی پێشوەختە"
شیکەرەوە سیاسییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ پەنا بۆ ڕاگەیاندنی "سەرکەوتنی پێشوەختە" ببات و کۆتایی بە کردە سەربازییەکان بهێنێت، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان و ڤێتنام ڕوویدا.
د. خالید جابر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، دەڵێت: "ئەگەر واشنتۆن تەنیا بە دەستکەوتی تاکتیکی ڕازی بێت و کێشە ستراتیژییەکە بە هەڵپەسێردراوی جێبهێڵێت، وڵاتانی کەنداو خۆیان لەبەردەم ئێرانێکی برینداردا دەبیننەوە کە بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت."
دۆخی ئێستا
لە کاتێکدا ئاگربەست لە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ەوە لە نێوان تاران و واشنتۆن جێبەجێ کراوە، بەڵام گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن. داخستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە ٢٠٪ ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانێکی گەورەی وزەی دروست کردووە. لە بەرامبەردا، وەزیری بەرگری ئەمریکا، پیت هیگسێس، جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی دانوستانەکانەوە هەوڵ دەدات گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.