ستراتیژیی هێرشی پێشوەختە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیمارات؟

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٣٦ پاش نیوەڕۆ

ستراتیژیی هێرشی پێشوەختە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیمارات؟

پەنجەرە

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، ناوچەی کەنداو و بەتایبەت تەنگەی هورمز بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی قووڵ کە تێیدا "وزە" و "ئاسایش" تێکەڵ بە یەکتر بوون. 

د.سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، لە شیکارییەکدا بۆ پەنجەرە تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و ئەو فشارانەی ئێران دەیانخاتە سەر ئیمارات.

ئۆپەراسیۆنی ئازادی و جوڵەی تاران

د. سەردار ئاماژە بەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناوی "ئازادی" دەستپێکردووە، کە ئامانجەکەی پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکانە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا. لە بەرامبەردا، ئێران ئەم هەنگاوە بە هەڕەشە دەبینێت و هەوڵی ڕێگری دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت خۆی لە لێدان بپارێزێت.

ئیمارات؛ لە ئامانجی هێرشە پێشوەختەکانی ئێراندایە

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، گواستنەوەی فشاری ئێرانە بۆ سەر ئیمارات. د. سەردار هۆکارەکانی ئەم فشارە لە چەند خاڵێکدا کورت دەکاتەوە:
*بەندەری فوجەیرە: ئیمارات دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە (کە دەکەوێتە ئەودیوی تەنگەی هورمز) نەوتەکەی هەناردە بکات، ئەمەش واتا بێبایەخکردنی هورمز و کەمکردنەوەی کارتە فشارەکانی ئێران.

* پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل: نزیکبوونەوەی ئەبو زەبی لە تەلئەبیب و دەنگۆی هێنانی سیستەمی "قوبەی ئاسنین"ی ئیسرائیلی بۆ ناو خاکەکەی، تارانی بە تەواوی نیگەران کردووە.
* ناکۆکییەکانی ئۆپیک: دەرچوونی ئیمارات لە ڕێکخراوی ئۆپیک و ئەگەری هەرزانبوونی نرخی نەوت، گورزێکی ئابورییە بۆ ئێران و پێیناخۆشە.

د. سەردار وتی:” پەکخستنی بازرگانی ئیمارات، پەکخستنی دەمارێکی سەرەکیی بازرگانیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت." 

نەخشەی "حەربی ئیستیباقی"؛ لە کوردستانەوە بۆ ئیمارات

دکتۆر سەردار ئاماژە بە دیدگای والی نەسر، ڕاوێژکاری پێشووی ئیدارەی ئۆباما دەکات، کە دەڵێت ئێران ئێستا ستراتیژیی "حەربی ئیستیباقی" (هێرشی پێشوەختە) دژی ئیمارات بەکاردەهێنێت.

ئەم ستراتیژە هاوشێوەی ئەو مامەڵەیەیە کە ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەیکات؛ واتە کاتێک تاران تەنها "گومان" دەکات کە مەترسییەک لە ئارادایە، پێش ئەوەی مەترسییەکە ڕوو بدات، هێرش دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی بکات. ئێستا ئیمارات لەو جێگەیەدایە کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە، ڕێگری لە هەر هاوکێشەیەک بکات کە پێگەی تاران لە ناوچەکە لاواز بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو