کشانەوەی ئیمارات لە "ئۆپێک" و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعودیە
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا، ئیمارات وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، بڕیاری کشانەوەی خۆی لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و هاوپەیمانی "ئۆپیک پڵەس" ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ڕیاز لە "هاوبەشییەکی نزیکەوە" بۆ "کێبڕکێیەکی ئاشکرا".
نەوت و ئابووری؛ تیکشکاندنی هەژموونی سعودیە
دوای چەند ڕۆژێک لە بڕیارەکە، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی وڵاتەکەی "دژی هیچ لایەنێک نییە". بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەم بڕیارە مڵۆیەکی تر بۆ سەر خەرمانی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر دەکات؛ بەتایبەت کە سعودیە هەمیشە وەک دەنگە زوڵاڵەکەی ناو ئۆپێک هەژمار کراوە و توانایەکی زۆری بۆ دانانی کاریگەری لەسەر نرخە جیهانییەکان بەکارهێناوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی ئیمارات وا دەڕواننە "ڕوانگەی ٢٠٣٠"ی محەمەد بن سەلمان، کە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی سعودیە بۆ ناوەندێکی بازرگانی و گەشتیاری، وەک ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو پێگەیەی کە ئیمارات دەیان ساڵە هەیەتی.
ئێستا هەردوو وڵات ملیارەها دۆلار لە کەرتە نوێیەکانی وەک ژیریی دەستکرد و وزەی نوێبووەوە خەرج دەکەن و هەمان بازاڕ و وەبەرهێنەر دەکەنە ئامانج.
یەمەن و سوودان؛ گۆڕەپانی ململانێ
ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی کەنداو تەنها لە نەوتدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناوچەکانی تریش:
* یەمەن: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ململانێکان گەیشتنە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، کاتێک هێزە پشتگیریکراوەکانی ئیمارات دەستیان بەسەر ناوچە دەوڵەمەندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی یەمەندا گرت، کە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سعودیە یەکجار گرنگن.
* سوودان: سعودیە پشتگیری لە سوپای سوودان دەکات بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئاسایشی دەریای سوور. لە بەرامبەردا، ئیمارات تۆمەتبار دەکرێت بە پشتگیریکردنی "هێزەکانی پشتیوانی خێرا"، هەرچەندە بەرپرسانی ئیمارات بە فەرمی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.
ئایا پەیوەندییەکان دەپچڕێن؟
سەرەڕای قووڵیی ناکۆکییەکان، هیچ کام لەم دوو دەوڵەتە ئامادە نین پەیوەندییەکانیان بە تەواوی بپچڕێنن. نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە کە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئیماراتی ڕاگەیاندووە کە محەمەد بن سەلمان داوای لێکردووە سزای ئیمارات بدات، بەڵام پەیوەندییە ستراتیژییەکان هێشتا وەک هێڵێکی سوور ماونەتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێی محەمەد بن سەلمان بۆ سەرۆکی ئیمارات، بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، نیشانەی ئەوەیە کە لە کاتی مەترسییە دەرەکییەکاندا پەنا بۆ هەماهەنگی دەبەن. بەڵام وەک ڕۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "هێرشەکانی ئێران ناتوانن ئەو گرژییە بنەڕەتییانەی نێوان هەردوو سەرکردە بسڕنەوە و ئەم کێبڕکێیە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو کاریگەریی لەسەر نەخشەی ناوچەکە دەبێت."