عومەر گوڵپی: نەناردنی داهاتی ناوخۆ بووەتە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کە فراکسیۆنەکەی بەشداریی پەرلەمان رەتدەکاتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند؛ هۆکاری سەرەکی نەناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ نەکردووە.
گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد، مانگی ڕابردوو هەرێم کەمتر لە نیوەی ئەو ١٢٠ ملیار دینارەی ناردووە کە بڕیار بوو ڕادەستی بەغدای بکات، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی بەهۆی بارودۆخی "شەڕ"ـەوە داهاتی ناوخۆ کەمی کردووە.
ناوبراو وتیشی: "بۆ ئەم مانگەش هەرێم دەیەوێت تەنها ٥٠ ملیار دینار بنێرێت، بەڵام بەغدا بڕوا بەو پاساوانە ناکات، چونکە سەرچاوەکانی داهات لە جوڵەدان."
ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی توندی گرت و وتی: "بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ڕێگری لە دیوانی چاودێری دارایی، حکومەت بێ چاودێر ماوەتەوە؛ ئێستا هەرێم بووەتە دوو زۆن و هەر لایەنە و بە ئارەزووی خۆی داهات ڕەوانەی بەغدا دەکات."