نێچیرڤان بارزانی داوای سەرجەم وەزارەتەکان بۆ پارتی دەکات و لایەنەکانی دیکەش پشکیان دەوێ
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا تایبەت بۆ پەنجەرە ئاشکرایکرد، نێچیرڤان بارزانی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، داوایکردووە سەرجەم ئەو وەزارەتانەی وەک پشکی کورد دیاری کراون بدرێن بە پارتی دیموکراتی کوردستان. بارزانی ئەم داواکارییەی بەوە پاساو هێناوەتەوە کە "پۆستی سەرۆک کۆمار لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
وەڵامی لایەنە عێراقییەکان
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنە عێراقییەکان داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانییان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە: "تەنیا ئەو پۆستانە بە پارتی دەدرێنەوە کە لە ئێستادا لایەتی".
هەوڵەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ
لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای دوو وەزارەتی کردووە. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەگەر ئەو داواکارییە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەگەری هەیە یەکێتی یەکێک لەو وەزارەتانە بدات بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
داواکاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان
هاوکات هەریەکە لە (هەڵوێست، کۆمەڵ، یەکگرتوو) کە خاوەنی ١٠ کورسیی پەرلەمانین، یاداشتێکی فەرمییان ئاراستەی لایەنە شیعەکان کردووە و داوای پشکی وەزارەتێک دەکەن. بەڵام سەرچاوەکە پێشبینی دەکات پارتی و یەکێتی ببنە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی داواکاریی ئەو سێ لایەنەدا.