ئامارە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەر؛ عێراق لە وێستگەی ترانزێتەوە بۆ بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوە
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێش ساڵی 2003، عێراق وەک یەکێک لە "پاکترین" وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی بەکارهێنان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر دەناسرا، بەڵام ئێستا دیمەنەکە بەتەواوی گۆڕاوە. عێراق لە وێستگەیەکی تێپەڕبوونی ماددەکانەوە گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی گەورەی بەکارھێنان و مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی.
ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی وتەی میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤٢٦٠ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەعێراق دا دەستگیرکراون.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا، ١٩٣ باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە ٣٥ باندییان باندی نێودەوڵەتی بوون.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٣٠ تۆڕی ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشێنراونەتەوە، کە ٢٧یان تۆڕی نێودەوڵەتی بوون.
ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە سێ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٤٣ هەزار کەس، کە ١٥٠یان بازرگانی بیانی بوون".
مەترسییەکە لەوەدایە، لەماوەی سێ ساڵدا ٢٧ تۆڕی بازرگانی بیانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٥ تۆڕی نێودەوڵەتی دەستگیرکراون.
دۆخی هەرێمی کوردستان
بەپێی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە کۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویکردەوە، 10٪ـی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، شارەزایەکی بواری ماددەی هۆشبەریش دەڵێت ئەو ئافرەتانە بەکارهێنراون.
چالاک محیەدین، شارەزا لە بواری ماددەی هۆشبەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو ئافرەتانەی بە تاوانی ئالوودەبوون و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا دەدرێن، ئەوانەن بەکار دەهێنرێن و لەژێر کاریگەریی دەوروبەردا ئەو کارەیان کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو مانگی حوزەیرانی ساڵی پار، ژمارەی ئەو کەسانەی بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادراون گەیشتووەتە هەزار و 599 کەس کە 977 یان بازرگانی مادەکەن.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا، 846 کەس بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون و ژمارەی سزادراوانیش گەیشتووەتە 548 کەس.
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە دەست پەنجەرە کەوتووە، لە ساڵی 2006ـەوە تا ساڵی 2022، (18245) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست پەنجەرەوە کەوتووە، لە ساڵی 2006 ڕێژەی دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە هەرێم لە ئاستێکی کەمدا بووە، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەکە بەتەواوەتی ڕووی لە هەڵکشان کردووە.
ساڵی 2017 : 456 کەس
ساڵی 2018 :765 کەس
ساڵی 2019 :876 کەس
ساڵی 2020 :909 کەس
ساڵی 2021 :1269 کەس
ساڵی 2022 :1375 کەس
نەخشەی بڵاوبوونەوە: لە "کریستاڵ"ەوە بۆ "کاپتاگۆن"
جۆری ئەو مادانەی کە بازاڕی عێراقیان تەنیوە، بەپێی جوگرافیا دەگۆڕێن، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ماددەی "کریستاڵ” زیاتر بڵاوە و لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دێتە ناوەوە. ئەم ماددەیە بەهۆی کاریگەرییە خێراکانی لەسەر مێشک، بە مەترسیدارترین جۆر دادەنرێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی باشوور، کریستاڵ و حەشیش بوونیان هەیە، بەڵام بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە، هەرێم وەک ڕێڕەوێکی ترانزێتیش بۆ گواستنەوە بەرەو تورکیا و ئەوروپا بەکاردێت.
لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا، حەبی "کاپتاگۆن" پێشتر زیاتر بووە، کە زۆربەی لە سووریاوە دەهێنرا و زیاتر لەناو گەنجان و شۆفێرانی بارهەڵگردا بڵاو بووبوویەوە.
لە عێراق و هەرێم تەنها ئەو جۆرانەی ماددە هۆشبەرەکان بڵاو نین، بەڵکو زۆربەی جۆرەکان بەشێوەی نهێنی بۆ ئالوودەبووان بەردەستن.
گۆڕانی ستراتیژی: لە بازرگانییەوە بۆ بەرهەمهێنان
یەکێک لە ترسناکترین زانیارییەکان کە میدیای لێکۆڵینەوە ئاشکرایکردووە، دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆییە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ چەندین جار ڕایگەیاند کە "تاقیگەی بچووکی دروستکردنی کریستاڵ" لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و تەنانەت لە دەوروبەری بەغداد دۆزراونەتەوە.
پێشتر ماددەکان بە قاچاخ دەهێنران، بەڵام ئێستا ماددەی خاو (Precursors) بە قاچاخ دەهێنرێت و لەناو عێراقدا دەگۆڕدرێت بۆ کریستاڵ، ئەمەش نرخەکەی هەرزانتر کردووە و بڵاوبوونەوەی خێراتر کردووە.
هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی ئێران و سووریاوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە رێڕەوی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر.