جەمال کۆچەر وردەکاری سەردانەکەیان بۆ لای نوری مالیکی لەگەڵ یەکێتی ئاشکرا دەکات
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە وردەکاریی نوێی لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پشکی لایەنە کوردییەکان ئاشکرا کرد.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەریەکە لە لایەنەکانی (هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو) پێکەوە خاوەنی ١٠ کورسین لە پەرلەمان و داوای وەزارەتێکیان کردووە، بەڵام ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان داوای هەموو ئەو وەزارەتانەی کردووە کە وەک پشکی کورد دیاری کراون."
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە، کۆچەر وتی: "هەرسێ فراکسیۆنەکە سەردانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان کرد بۆ وەرگرتنی ڕای ئەوان، یەکێتیش لاری نەبوونی خۆی دەربڕی لەوەی وەزارەتێک بدرێت بەو سێ لایەنە."
هەروەها دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە شیعییەکان، ڕوونی کردەوە کە چوونی ئەوان و یەکێتی پێکەوە بۆ لای چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها "ڕێککەوت" بووە و پێشتر وادەیەکی دیاریکراویان بۆ پێکەوەچوون نەبووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە، جەمال کۆچەر ئاماژەی بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوری مالیکی کرد و وتی: "مالیکی پێی ڕاگەیاندووین کە ئێوە سێ لایەنن و خاوەنی ١٠ کورسین، بۆیە بەپێی ئیستحقاق مافی خۆتانە وەزارەتێکتان لە کابینەی نوێدا هەبێت."