پژاک و تاران؛ بۆچی بەهێزترین هێزی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ئێران نەجوڵا؟
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتنە لوتکە، پرسیارێکی جەوهەری لای چاودێرانی سیاسی دروست بووە: بۆچی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە وەک بەهێزترین هێزی چەکداری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت، هیچ جوڵەیەکی سەربازیی کاریگەری دژی تاران دەستپێنەکرد؟
هێزێکی خاوەن پێگەی سەخت
بەپێچەوانەی حزبە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات کە بارەگا و کامپەکانیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و بەردەوام لەژێر هەڕەشەی موشەکباران و درۆنەکانی ئێراندان، پژاک پێگەیەکی جیاوازی هەیە.
هێزەکانی پژاک لە ناوچە سنوورییە هەرە سەخت و شاخاوییەکان جێگیر بوون، ئەمەش وایکردووە هێرشکردنە سەریان بۆ سوپای ئێران ئەرکێکی ئاسان نەبێت. بەڵام ئەم باڵادەستییە جوگرافی و سەربازییە، نەبووەتە هۆی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مەیدانی دژی ئێران.
خوێندنەوەی واقعبینانە بۆ هێزی ئێران
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێدەنگیی پژاک بۆ "خوێندنەوەی واقعبینانە"ی هێزی ئێران دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای ئەو گورزە توندانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە پێگە سەربازییەکانی ئێران وەشێنران، بەڵام پژاک پێیوایە تاران هێشتا لەسەر زەوی و لە ناوخۆدا خاوەن هێزێکی تۆکمەیە و ڕووبەڕووبوونەوەی لەم کاتەدا ڕەنگە ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبێت.
بێ متمانەیی
تەوەرێکی دیکەی ستراتیژیی پژاک پەیوەستە بە متمانە نەکردن بە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەم هێزە وای دەبینێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل کاراکتەری سیاسیی "جێی متمانە" نین بۆ پشتپێبەستنی درێژخایەن.
لای پژاک ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە لە هەر ساتێکی گونجاودا واشنتۆن یان تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتن، ئەوەش کورد دەخاتە بەردەم مەترسیی تەنها مانەوە لە مەیدانی جەنگدا.
پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان
جگە لە لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، "بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان" بەشێکی گرنگی لێکدانەوەکانی پژاک پێکدەهێنێت.
ئەو هێزە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە هەر جوڵەیەکی سەربازیی گەورە لە دژی ئێران، دەبێتە پاساو بۆ تاران تا گورزی کوشندە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بوەشێنێت.
بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی سەقامگیریی باشووری کوردستان و زیاننەگەیاندن بە ئەزموونی کورد لەو بەشەدا، پژاک بژاردەی دانبەخۆداگرتنی هەڵبژاردووە.