واشنتۆن بۆ بەغدا: "کردارمان دەوێت نەک تەنیا بەڵێنی سیاسی"

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٥٥ پاش نیوەڕۆ

واشنتۆن بۆ بەغدا: "کردارمان دەوێت نەک تەنیا بەڵێنی سیاسی"

پەنجەرە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی توند و ڕاستەوخۆ ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، عەلی زەیدی دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە واشنتۆن چاوەڕێی "کردارە نەک تەنیا قسە". 

ئەم هەڵوێستە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی کابینە نوێیەکە بەستێتەوە بە توانای مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان، ئەویش پرسی گرووپە چەکدارەکان و پێگەی ئێرانە.

مەرجە توندەکانی واشنتۆن

بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵی (الحرة) ئاشکرایکرد کە هێڵێکی ناڕووب لە نێوان دەوڵەتی عێراق و میلیشیاکاندا هەیە. واشنتۆن داوای چەند هەنگاوێکی کردەیی دەکات بۆ گەڕانەوەی متمانە، لەوانە:

* دەرکردنی گرووپە "تیرۆریستییەکان" لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
* بڕینی بودجە و مووچەی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرمیدان.
* گوتاری سیاسیی ڕوون کە ئەو گرووپانە بەشێک نین لە دەوڵەتی عێراق.

فشارە ئابووریی و ئەمنییەکان

ئەم پەیامانەی ئەمریکا تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا نەماونەتەوە، بەڵکو لە چەند هەفتەی ڕابردوودا واشنتۆن فشارە داراییەکانی چڕ کردووەتەوە، لەوانە ڕاگرتنی ڕەوانەکردنی دۆلار  بۆ بەغدا و هەڵپەساردنی هەندێک هاوکاریی ئەمنی. ئەمە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو ٦٠٠ هێرشەی کە کراونەتە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە سیاسییەکان باس لە هەوڵێکی ناوخۆیی هێزە شیعەکان دەکەن بۆ "قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا". زانیارییەکان ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی سێ قۆڵی دەکەن کە پێکهاتووە لە:
* عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو.
* محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر.
* هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر.
ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە داڕشتنی میکانیزمێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی میلیشیاکان و ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی لەچوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان.

ئاڵەنگارییەکانی بەردەم زەیدی

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هیوای سەرکەوتنی بۆ زەیدی خواستووە، بەڵام سێ ڕێڕەوی فشار (سیاسی، دارایی و ئەمنی) لە بەردەم حکومەتە چاوەڕوانکراوەکەدایە. بەتایبەت کە ئەمریکا خەڵاتی دارایی گەورەی  (تا ١٠ ملیۆن دۆلار) بۆ دەستخستنی زانیاریی لەسەر سەرکردە دیارەکانی وەک "ئەبو حوسێن حەمیداوی" و "ئەکرەم کەعبی" داناوە، کە هەندێکیان باڵی سیاسییان لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەسەڵاتداردا هەیە.

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا عەلی زەیدی دەتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان داواکارییەکانی واشنتۆن و واقیعی سیاسیی بەغدادا دروست بکات، یان عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی دارایی و سیاسیی توندتر دەبێتەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو