٢٢ شایەتحاڵ بانگهێشتی دادگاییەکەی عەجاج کراون
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە بەردەوامیی پرۆسەی دادگاییکردنی "عەجاج تکریتی"، یەکێک لە گەورە تاوانبارانی کەیسی ئەنفال، ئەمڕۆ لە دادگای ڕەسافە لە بەغدا پرۆسەی دادگاییکردنی دەستیپێکرد.
ئەکرەم ساڵەح، چالاکوانی بواری ئەنفال کە لە هۆڵی دادگا ئامادەیە، بەپەنجەرەی ڕاگەیاند: "لە کۆی ٢٠٠ کەس کە ناویان وەک شاهێد پەسەند کراوە، بڕیارە ئەمڕۆ ٢٢ کەس لەبەردەم دادوەردا شایەتیدانی خۆیان لەسەر تاوانەکانی ئەو تۆمەتبارە پێشکەش بکەن."
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا وتەی چوار شاهێد وەرگیراوە. دوو لەوانە بە وردی تیشکیان خستووەتە سەر ئەو تاوانە مرۆییانەی کە عەجاج تکریتی لە گرتووخانەی "نوگرە سەلمان" دەرهەق بە ئەنفالکراوەکان ئەنجامی داون.
ئەکرەم ساڵەح باسی لە دۆخی دەروونیی شاهێدەکانیش کرد و وتی: "دوو لەو کەسانەی وتەیان لێوەرگیرا، بەهۆی خراپیی باری دەروونییان و ئەو کاریگەرییە قورسەی بینینی 'عەجاج' لەسەری دروست کردبوون، نەیانتوانی وەک پێویست وتەکانیان لەسەر نوگرە سەلمان ڕێکبخەن، چونکە بینینی تۆمەتبارەکە برینە کۆنەکانی ناو گرتووخانەکەی بۆ نوێ کردبوونەوە."
پرۆسەی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، یەکێکە لە کەیسە گرنگەکانی پەیوەست بە جینۆسایدی گەلی کورد، کە تێیدا ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال ڕووبەڕووی جەلادەکانی پێشوویان دەبنەوە.