"ئاسۆ" ئەو منداڵەی لەژێر لێدانی عەجاج تکریتیدا گیانی سپارد؛ شاهیدێک چیرۆکی ئاسۆ لە بەردەم دادوەردا دەگێڕێتەوە
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دارا حەمە عەلی، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و یەکێک لەو ٢٢ شاهێدەی کە بۆ گەواهیدان دژی (عەجاج تکریتی) لە دادگای ڕەسافە ئامادەبوو، وردەکاریی دانیشتنی دادگاییەکەی بۆ پەنجەرە خستەڕو.
دارا حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا لە کۆی ٢٢ شاهید، ٨ کەسیان گەواهییان داوە و ئەویش یەکێک بووە لەوانەی ڕووبەڕوو تاوانەکانی عەجاج تکریتی بۆ دادوەر باس کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: "هەموو ئەو تاوانانەی عەجاج کە لە زیندانی نوگرە سەلمان بینیم، لە ئەشکەنجەدان، برسیکردن و کوشتنی ئەنفالکراوەکان، خستمنە بەردەم دادوەر."
یەکێک لەو کەیسە هەژێنەرانەی لە دادگادا باسی لێوەکرا، گیانلەدەستدانی منداڵێک بووە بە ناوی (ئاسۆ)، کە بە گوتەی دارا حەمە عەلی؛ لەژێر لێدان و ئەشکەنجەی عەجاج تکریتیدا گیانی سپاردووە.
سەبارەت بە کاردانەوەی عەجاج تکریتی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، شاهێدەکە وتی: "عەجاج زۆربەی کات سەری نزم کردبووەوە یان سەیری دادوەری دەکرد، هەندێک جار ئاوڕی بۆ لای شاهێدەکان دەدایەوە."
بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، دادگا گوێ لە گەواهیی شاهیدەکانی دیکەی کەیسەکە بگرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان لەسەر ئەو تاوانانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا دەرهەق بە کورد ئەنجامدراون.