حەسەکە و قامیشلۆ؛ زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دامەزراوە حکومییەکان لادەبرێت

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ

حەسەکە و قامیشلۆ؛ زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دامەزراوە حکومییەکان لادەبرێت

پەنجەرە

چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیانکردووە بە لابردنی تابلۆ ناسێنەرەکانی سەر بینای باڵەخانەکانی داد لە هەردوو شاری حەسەکە و قامیشلۆ. ئەو تابلۆیانەی پێشتر بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسرابوون، بڕیارە بە تابلۆی نوێ بگوڕدرێنەوە کە تەنیا زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزییان لەسەر بێت و زمانی کوردی لابراوە لەسەریان.

نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان

بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوریی، ئەم پرۆسەیە بەبێ هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی یان ڕوونکردنەوەیەک ئەنجامدراوە، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا دروستکردووە. 
چاودێران ئەم هەنگاوە بە "پێشێلکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی" کورد ناودەبەن، بەتایبەت کە حەسەکە و قامیشلۆ دوو لە گرنگترین ناوچە کوردنشینەکانی سووریان.

ئاڵەنگاریی سیاسی و دیمۆگرافی

جێگرتنەوەی زمانی کوردی بە ئینگلیزی پرسیارێکی زۆری لای چاودێران دروست کردووە، چونکە ئەم کارە لەگەڵ واقیعی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا ناگونجێت. 
هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەکان هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە "بڕیارە تاکلایەنانە" زیان بە کەشی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان دەگەیەنێت، بەتایبەت "ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم" و دۆسیەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

هۆشداریی لە پەرەسەندنی گرژییەکان

چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هەنگاوانە دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و تێکدانی سەقامگیری، لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستی بە هێورکردنەوە و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ئەمنی و سیاسییە هەستیارەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو