زریان رۆژهەڵاتی: ئەمریکا پێناسەی تیرۆر و جوگرافیای شەڕی فراوان کردووە

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ

زریان رۆژهەڵاتی: ئەمریکا پێناسەی تیرۆر و جوگرافیای شەڕی فراوان کردووە

پەنجەرە 

زریان رۆژهەڵاتی، لێکۆڵەری سیاسی، لەوتارێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ستراتیژی نوێی دژەتیرۆری ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و دەڵێت: "واشنتۆن هەم پێناسەی تیرۆری فراوان کردووە و هەم جوگرافیاکەی؛ ئەمەش خواستە یان نەخواستە، بە واتای تێوەگلانی زیاتری ئەمریکا دێت لە شەڕ و ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکاندا."

فراوانکردنی بازنەی نەیارەکان

بەپێی شیکردنەوەی ئەم لێکۆڵەرە، ستراتیژە نوێیەکە تەنیا گرووپە جیهادییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین لایەنی تر دەخاتە خانەی هەڕەشەوە، لەوانە:
* رێکخراوی ئیخوانولموسلمین و ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی.
* کارتێل و باندە تاوانکارییەکان.
* چەپی توندڕەو و جووڵەی دەوڵەتە نەیارەکان.
*هەڕەشەکانی پەیوەست بە چەکی کۆکوژ.

نیوەگۆی رۆژئاوا؛ "دۆکترینی مۆنڕۆ"ی نوێ

دۆکترینی مۆنڕۆ ، یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی ١٨٢٣دا لەلایەن سەرۆک جەیمس مۆنڕۆوە ڕاگەیەندرا.

زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت ترەمپ ستراتیژەکەی لەم ناوچەیەدا وەک ڤێرژنێکی تازەی "دۆکترینی مۆنڕۆ" دەبینێت، کە ئامانج لێی:
* پێناسەکردنەوەی ناوچەی نفوزی ئەمریکا و نیشاندانی باڵادەستییە.
* بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێران، حیزبوڵڵا و وڵاتانی نەیار (بە تایبەت چین) کە وەک "شەڕی ساردی دووەم" وەسف دەکرێت.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئیخوان و ئێران لە چەقیدان

سەبارەت بە ناوچەکە، رۆژهەڵاتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا ئیخوانی بە "دایکی ڕێکخراوە جیهادییەکان" و ئێرانیش بە هەڕەشەیەکی گەورە ناساندووە. ئەولەویەتەکانیش بریتین لە:
* بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ: دژی ئێران، حیزبوڵڵا، حوسییەکان، داعش و قاعیدە.
* ئاسایشی ستراتیژی: پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و رێڕەوە دەریاییەکان (گەرووی هورمز و دەریای سوور).
* تێڕوانینی ئابووری: هەرچەندە بایەخی ئابووری ناوچەکە کەمبووەتەوە، بەڵام بایەخە ستراتیژییەکەی وەک خۆی ماوەتەوە.

فشار بۆ سەر ئەوروپا و ناتۆ

ئەم لێکۆڵەرە سیاسییە جەخت دەکاتەوە کە واشنتۆن داوای بەرپرسیاریی زیاتر لە ئەوروپا دەکات: "ئەمریکا داوا لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات سنوورەکانیان توند بکەن و رێ لە کۆچ بگرن، هەروەها تێچووی دارایی و ئاڵوگۆڕی هەواڵگریی زیاتر بخەنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی نەبنە پەناگەیەک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان."

ئەفریقا و ئاسیا؛ گۆڕینی تاکتیک

لە کۆتاییدا، زریان رۆژهەڵاتی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم دوو کیشوەرەدا ئەمریکا دەیەوێت دەستوەردانی سەربازیی کەم بکاتەوە، بەڵام لە ڕێگەی "پشتیوانی هێزە ناوخۆییەکان و هەماهەنگی هەواڵگریی" بەرەنگاری مەترسییەکانی داعش، قاعیدە و بزووتنەوەی شەباب بێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو