لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بۆ گەریلاکانی جاسەنە؛ نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پڕۆسەی ئاشتی
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گفتوگۆکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چڕ بوونەتەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جەخت لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دەکاتەوە، لە بەرامبەردا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP) ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە پێگەی ئۆجەلان وەک "ڕێکخەر" دیاری بکرێت.
کێشەی گەڕانەوەی گەریلاکان و بژاردە یاساییەکان
خاڵی هەرە دیاری گفتوگۆکانی ئێستا، دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ گەڕانەوەی ئەو گروپە گەریلایەی کە ساڵی ڕابردوو لە ئەشکەوتی (جاسەنە) چەکەکانیان سووتاند بۆ باکووری کوردستان.
بەهۆی ئەوەی تا ئێستا پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی تایبەتی بۆ لێبووردن یان گەڕانەوەی ئەو گروپانە دەرنەکردووە، پێشنیارێک هەیە کە گەڕانەوەی ئەم گروپە لەسەر بنەمای "یاداشتێکی فەرمی حکومەتی تورکیا بێت، تا ئەو کاتەی ڕێکارە یاساییەکان کۆتاییان دێت.
وادەی دەرکردنی یاساکە
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە هەر لەم مانگەدا کار لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت. ئامانجی ئەم یاسایە ڕێکخستنی شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆسیەی چەکدارەکان و زەمینەسازییە بۆ هەنگاوە پراکتیکییەکانی تری پڕۆسەی ئاشتی.