لە جەنگی گشتگیرەوە بۆ ڕێککەوتنی سنووردار؛ واشنتۆن و تاران چییان لەیەکتری دەوێ؟
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا جەنگی هەڵپەسێردراوی نێوان ئێران و ئەمەریکا هەڕەشە لە ئابووری جیهان دەکات، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوەنگیریی کردن لە نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو ئاراستەیەکی نوێ هەنگاو دەنێن.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەردوولا وازیان لە بیرۆکەی "ڕێککەوتنی گشتگیر" هێناوە و ئێستا کار لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار دەکەن کە تێیدا پرسە جێناکۆکەکان بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێن.
ناوەرۆکی پێشنیازەکان؛ سێ قۆناغ بۆ هێورکردنەوە
سەرچاوەکان لە هەردوو بەرەی ئەمریکی و ئێرانی ئاشکرای دەکەن کە ئامانجی ئێستا گەیشتنە بە "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی کاتی". ئەم چوارچێوەیە سێ قۆناغی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
* کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان.
* چارەسەرکردنی کێشەی گەرووی هورمز.
* دیاریکردنی ٣٠ ڕۆژ وەکو وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانتر.
بەپێی زانیارییەکان، هێشتا ناکۆکی گەورە لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەتایبەت پرسە ئاڵۆزەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی پێویستیان بەکاتێکی زۆر و گفتووگۆی قوڵ هەیە.
متمانە و گەرەنتی
تاران گومانی زۆری لە دەسپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ هەیە. سەرچاوەی گومانەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکانی مانگی شوباتی رابردوو، لەکاتێکدا ئەنجامدران ئاگربەست لە ئارادابوو، بۆیە تاران داوای "گەرەنتی دەرەکی" دەکات بۆ دڵنیابوون لە سەرگرتنیئاگربەستەکە.
ململانێ لەسەر "گەرووی هورمز" و وزە
ئابووری ئێران بەهۆی جەنگ و گەمارۆوە ڕووبەڕووی مەترسی داڕمان بووەتەوە، بەڵام تاران هێشتا گەرووی هورمز وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت.
لە بەرامبەردا، ترەمپ لەژێر فشاری هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدایە و دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانی وزە بهێنێت. ئێران داوای دان پێدانانی باڵادەستبوونی خۆی بەسەر گەرووەکەدا دەکات، کە ئەمەش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی بووەتەوە.
دۆسیەی ئەتۆمی و موشەکی؛ بەربەستە قورسەکان
* ئەتۆمی: واشنتۆن داوای ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ و ڕادەستکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکات، لە کاتێکدا ئێران جەخت لەسەر "مافی پیتاندن" دەکاتەوە.
* موشەکی: ئەمریکا دەیەوێت مەودای موشەکەکانی ئێران دیاری بکات بۆ ئەوەی نەگەنە ئیسرائیل، بەڵام ئێران ئەم بابەتە بە "هێڵی سوور" دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە گفتوگۆی لەسەر بکات.
* حیزبوڵا: تاران مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵای لوبنان ڕابگرێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل بە توندی ڕەتیدەکاتەوە.
هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو و هێزە جیهانییەکان
وڵاتانی کەنداو سەبارەت بەم ڕێککەوتنە یەکدەنگ نین؛ ترسی ئەوەیان هەیە کە واشنتۆن بەرژەوەندییەکانی ئەوان بکاتە قوربانی. لە لایەکی ترەوە، ئەوروپا (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە گەرەنتی کردنی ئازادی هاتوچۆ لە هورمز. چاوەڕوانیش دەکرێت چین وەک کڕیارێکی سەرەکی نەوت ببێتە گەرەنتیکەر، و ڕوسیاش ڕۆڵ لە دۆسیەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەدا بگێڕێت، ئەگەرچی هێشتا ڕەزامەندی ئەمریکا بۆ ئەم ڕۆڵانە مسۆگەر نییە.