پێنج پرسیار لەبارەی ئاڵۆزییەکانی دوێنێی ئێران و ئەمەریکا
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوێنێ پێنجشەممە، گەرووی هورمز بووە گۆڕەپانی توندترین پێکدادانی سەربازیی و گۆڕینەوەی تۆمەت لە نێوان تاران و واشنتۆن لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی مانگی ڕابردووەوە.
تائێستا ئەوەی دوێنێ ڕوویدا ناڕوونی پێوەدیارە. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین بە کورتی ئاماژە بە دیارترین زانیارییەکانی بکەین.
کێ یەکەمجار هێرشی کرد؟
گێڕانەوەکان دژبەیەکن. ئێران دەڵێت هێزە ئەمەریکییەکان سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی و دواتر تاران وەڵامی داوەتەوە. بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی "بێ پاساو"ـی ئێرانیان داوەتەوە و ئەوەی کردوویانە تەنها "بەرگری لە خۆکردن" بووە لە کاتێکدا کەشتییە جەنگییەکانیان خەریکی تێپەڕین بوون بە گەرووی هورمزدا.
وردەکاریی پێکدادانەکان چی بوون؟
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هەردوولا، ئێران لە ڕێگەی مووشەک، درۆن و بەلەمی خێراوە هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی تێکشکێنەری ئەمەریکی (یو ئێس ئێس تراکستون، رافائیل بیرالتا و ماسۆن).
لە بەرامبەردا، فڕۆکە و کەشتییەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان و ناوەندەکانی کۆنترۆڵ، هەروەها دەنگی تەقینەوە لە شارە کەناراوییەکانی وەک بەندەر عەباس و قەشم بیستراوە.
ئاستی زیانەکان گەیشتووەتە چەند؟
لێرەشدا لێدوانەکان جیاوازن؛ تاران ئیدیعای ئەوە دەکات زیانی گەورەی بە کەشتییە ئەمەریکییەکان گەیاندووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ و پنتاگۆن ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن تەواوی مووشەک و درۆنەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە.
سەبارەت بە لایەنی ئێرانی، ترەمپ دەڵێت هێزی دەریایی ئێران تووشی ئیفلیجی بووە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا میدیاکانی ئێران دەڵێن هێرشەکان بۆ سەر شارەکان زیانی گیانییان نەبووە.
ئایا ئاگربەستەکەی نێوانیان کۆتایی هات؟
ئێران واشنتۆن بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە هێشتا بەردەوامە.
ترەمپ هێرشەکانی وڵاتەکەی بە "شەپازلەیەکی سووک" ناوبرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر تاران بە خێرایی ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکات، لە داهاتوودا بە توندتر "دەهاڕدرێن".
هێشتا هیوایەک هەیە بۆ ڕێککەوتن؟
سەرەڕای پێکدادانەکان، دەرگای دیپلۆماسی بەتەواوی دانەخراوە. ترەمپ دەڵێت ڕێککەوتن لە هەر ساتێکدا بێت ئەگەری هەیە، چونکە "ئێرانییەکان زیاتر لە من پێویستیان پێیەتی".
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوان سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو نامانەن کە لە ڕێگەی نێوەندگیری وڵاتی پاکستانەوە پێیان گەیشتووە، بەڵام هێشتا وەڵامی کۆتاییان بە پێشنیازەکەی ئەمەریکا نەداوە.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە نێت+ ئاژانسەکان