ئێران فشارەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات چڕدەکاتەوە
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٦:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە پەنجەرە ی راگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی توندی ئاراستەی عێراق و هەرێم کردووە، ناوەڕۆکی پەیامەکەش گەیەنراوەتە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، تێیدا جەختی کردووەتەوە کە "پێویستە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، بوونی ئەو حزبانە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت."
ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئێران
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تاران بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهیچ جۆرێک رێگە نادات ئەو حزبانە خاوەنی کەمپی سەربازی یان مەدەنی بن، هەروەها ناشبێت بەشێوەی گرووپ و لە چوارچێوەی رێکخستنی حزبیدا پێکەوە بمێننەوە.
فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
سەرچاوەکە هۆشداری دا لەوەی کە دوای راوەستانی شەڕ، ئێران فشارە گەورەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و ئەگەری هەیە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم بدات وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی.
کاردانەوەی لایەنە کوردییەکان
پەیوەست بەم بابەتە، پێشتر خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان بە پەنجەرەی راگەیاندبوو، کە تاران لە "خەیاڵی خۆیدا" وای داناوە حزبە کوردییەکان نەمێنن. نادری ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئامانجی سەرەکی ئێران تەنیا حزبەکان نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو دەنێت.