هەنگاوەکانی واشنتۆن دژی گرووپە چەکدارەکان؛ سەرەتایەک بۆ دابڕاندنیان لە جومگەکانی دەسەڵات
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، زانیاریی گرنگ لەسەر ستراتیژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە گروپە چەکدارەکان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە واشنتۆن قۆناغێکی نوێی لە گوشارەکان دەستپێکردووە کە ئامانج لێی گۆشەگیرکردنی سەرکردە سەربازییەکانە لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
سزاکان؛ چەکێکی سیاسی و دارایی
بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ پەنجەرە، بڕیاری خستنەناوی سەرکردەی میلیشیاکانی عێراق بۆ ناو لیستی سزاکان و تەرخانکردنی پاداشتی دارایی بۆ دۆزینەوەی شوێنەکانیان، تەنها هەنگاوێکی کاتی نییە، بەڵکو دەستپێکی پلانێکی فراوانتری ئەمریکایە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد: ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی دابڕاندنی تەواوەتی ئەم سەرکردانەیە لە حکومەت و دەزگا فەرمییەکان، تاوەکو چیتر نەتوانن لەژێر چەتری دەوڵەتدا کار و چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن."
دوای ئێران
سەبارەت بە کاتی چڕکردنەوەی ئەو فشارانە، سەرچاوە نزیکەکە لە ئەنجومەنی وەزیران ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا واشنتۆن تەواوی سەرنجی لەسەر تاران کۆکردووەتەوە. وتیشی: "ئێستا ئەمریکا سەرقاڵە بە دۆسیەی ئێرانەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە عێراقی فەرامۆش کردووە؛ بەڵکو دوای یەکلاکردنەوەی هەندێک دۆسیە لەگەڵ ئێران، ڕێوشوێنی جدیتر و کرداری تر دژی میلیشیاکان لە ناوخۆی عێراق دەگیرێتەبەر."