عەفرین؛ ئاوارە گەڕاوەکان لە ڕێکارە "گوماناوییەکانی" گرووپە چەکدارەکان نیگەرانن

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ

عەفرین؛ ئاوارە گەڕاوەکان لە ڕێکارە "گوماناوییەکانی" گرووپە چەکدارەکان نیگەرانن

پەنجەرە

ئەو ئاوارانەی گەڕانەوە بۆ  عەفرین ناڕەزایەتییان دەربڕیووە لە گوشارخستنەسەر و رێکارگەلێک کە بە "ترسناک و گوماناویی" وەسفیانکردووە، لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەی کە لەژێر ناوی "ئاسایشی گشتی" کار دەکەن. 

بەپێی نامەیەک کە لەلایەن چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ "ئیبراهیم شێخۆ" ئاراستەی نێردەی سەرۆکایەتی، جێگری فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە و ئیدارەی ناوچەی عەفرین کراوە؛ کاروانی ئاوارەکان کە لە سەرەتاوە بەرێککەوتن و گەڕانەوە بۆ عەفرین، بێ هیچ ئاستەنگێکی ئەوتۆ گەیشتوون، ئەمەش هاندەر بوو بۆ زۆرێک لە ئاوارەکان تا بیر لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان بکەنەوە.

بەڵام بەپێی نامەکە، لە دوو کاروانی کۆتاییدا رێکاری جیاواز گیراوەتەبەر، لەوانە: پشکنینی مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئاوارەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، لەگەڵ وێنەگرتنی ناسنامە و ئاراستەکردنی هەندێک پرسیار کە بەوە وەسفکراون "گومان و ترس دروست دەکەن"؛ سەرەڕای ئەوەی ناوی ئاوارەکان پێشوەخت لەلایەن ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاوارەکانی عەفرین لە قامیشلۆ بۆ لیژنەکان بەرز کراونەتەوە و رەزامەندی گەڕانەوەیان پێدراوە.

شێخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەندێک دۆسیەی ئیداریی ئاسایی، وەک نوسراوی ئۆتۆمبێل و هاوشێوەکانیان، کراونەتە "دۆسیەی ئەمنی"، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی دەستگیرکردن لەهەندێک خەڵک کراوە و داواش لە هەندێکی تر کراوە سەردانی دەزگا ئەمنییەکان بکەن، ئەمەش ترسی لای ئەو ئاوارانە دروستکردووە کە نیازی گەڕانەوەیان هەیە.

ئەو چالاکوانە داوای لە لیژنە تایبەتمەندەکان کردووە دەستوەردانی خێرا بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو گرووپە چەکدارانە و هۆشداریشی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کارانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەبێت و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم تەواوبوونی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دیکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو