ئێران لە دوای خامنەیی؛ دەسەڵاتێکی لێکترازاو و فرە جەمسەر
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێچەوانەی سەردەمی عەلی خامنەیی کە سیمای ئێران بوو، چیتر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە خاوەنی یەک سیمای دیار و کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتی رەها نییە. نە لە نووسینگەی رابەری باڵا، نە لە حکومەت و نە لە بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندێکی بڕیاردانی یەکلاکەرەوە بوونی نەماوە.
دوای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپا، سستەمەکە چووەتە قۆناغی شێواویی و دابەشبوونی هێزەوە، کە تێیدا هەر دامەزراوەیەک بەشێک لە هەژموونی بەدەستەوەیە بەبێ ئەوەی کەس خاوەنی بڕیاری ڕەها بێت.
ئاڵۆزیی لە بڕیاردان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆ "فەردا"، تێگەیشتن لە میکانیزمی حوکمڕانی لە ئێراندا بەهۆی ئاڵۆزیی پێکهاتەکەیەوە زۆر سەخت بووە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات کە سستەمەکە تووشی "پەککەوتن لەناو پێکهاتەی سەرکردایەتی" بووە. بۆ نموونە؛ هەر پێشنیازێک ٥ بۆ ٦ ڕۆژی دەوێت تا وەڵام بدرێتەوە، چونکە دەبێت بەناو هەموو چینەکانی دەسەڵاتدا تێپەڕێت تا دەگاتە "ڕێبەر" و ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت.
موجتەبا خامنەیی؛ رێبەرە بریندار و نادیارەکە
سەرەکیترین کێشەی دەسەڵات لە ئێراندا، پێگەی لێڵ و ناڕوونی موجتەبا خامنەیییە. سەرەڕای ئەوەی وەک جێگرەوەی باوکی دەبینرێت، بەڵام ڕووبەڕووی دوو ئاستەنگ بووەتەوە:
* گومانی میراتگریی: ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت کە سیستەمی ئێرانی لە کۆمارییەوە گۆڕیوە بۆ پشتاوپشت (تەوریس).
* بێدەنگی و ونبوون: تا ئێستا هیچ گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان دەنگیی ئەو بڵاونەکراوەتەوە. دەوترێت لە هێرشەکاندا بریندار بووە و ئەمەش گومانی دروست کردووە کە ئایا ئەو بەڕاستی بڕیاردەری کۆتاییە یان تەنها ناوەو ئیشەکان بەناوییەوە رادەپەڕێنرێت؟
سوپای پاسداران؛ جەستەیەکی پارچەپارچە
ئەگەرچی سوپای پاسداران بە فەرماندەیی ئەحمەد وەحیدی وەک بڕبڕەی پشتی دەسەڵات دەبینرێت، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەڵێن سوپا چیتر یەک بلۆکی یەکگرتوو نییە، بەڵکو بووەتە "دوورگەی جیاجیا".
هەندێک بەشی سوپا سەر بە نووسینگەی ڕێبەرن، هەندێکیان خاوەن ئابووریین و هەندێکیشیان لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک قالیبافدا بەرژەوەندییان هەیە.
تۆمارە دەنگییەکانی ساڵی ٢٠٢١ پەردەی لەسەر گەندەڵی و ململانێی ناوخۆیی سوپا لادا، کە دەریخست ململانێکان تەنها لەسەر ئایدیۆلۆژیا نین، بەڵکو لەسەر پارە و پشکە ئابوورییەکانیشن
کارەکتەرە سێبەرەکان و جومگەکانی هێز
* حسێن تائیب: سەرەڕای دوورخستنەوەی لە هەواڵگریی سوپا، هێشتا وەک "دەسەڵاتی سێبەر" و نزیک لە موجتەبا خامنەیی کار دەکات و کاریگەریی گەورەی لەسەر بڕیارە ئەمنییەکان هەیە.
* عەلی عەبدوڵڵاهی: لە ڕێگەی بارەگای "خاتم الأنبیاء"ەوە هەماهەنگی مەیدانیی جەنگ دەکات، ئەمەش نیشانی دەدات دەسەڵاتی سەربازیی تەنها لای سوپای پاسداران نییە و دابەش بووە.
* محەمەد باقر قالیباف: ئەو وەک "پردێک" لە نێوان سوپا، حکومەت و نووسینگەی ڕێبەردا کار دەکات. قالیباف یاریزانێکی زیرەکە کە دەزانێت چۆن لەناو بۆشاییەکانی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
حکومەتی پزیشکیان
حکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان زیاتر وەک دەزگایەکی ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆژانەییە ئابووریی و خزمەتگوزارییەکان دەردەکەوێت.
پزیشکیان بڕیاردەر نییە لە دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک: جەنگ، بەرنامەی ئەتۆمی و سیاسەتی هەرێمی، بەڵکو تەنها جێبەجێکاری ئەو بڕیارانەیە کە لە ناوەندە باڵاکانەوە دەردەچن.
دواجار
دەسەڵات لە ئێراندا لە "هەرەمێکی ڕوون"ەوە گۆڕاوە بۆ "تۆڕێکی ئاڵۆز". چیتر ژوورێکی تاریک یان کەسێک بەتەنها بڕیار نادات. ململانێی نێوان ڕەوتە توندڕەوەکان و ڕەوتە بەرژەوەندیخوازەکان، لەگەڵ غیابی سیمایەکی بەهێزی وەک خامنەیی، وایکردووە سستەمەکە لەناو خۆیدا بەدوای هاوسەنگییەکی نوێدا بگەڕێت، کە تێیدا هەمووان بەشدارن بەڵام کەسیان فەرمانڕەوای ڕەها نین.