چۆڵکردنی کەشتیی "هۆندیۆس"؛ مەترسییەکانی ڤایرۆسی هانتا جیهان دەخاتە ئامادەباشییەوە
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ئۆپراسیۆنێکی خێرا و چڕدا کە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێری خایاند، پڕۆسەی گواستنەوەی سەرنیشانی کەشتیی گەشتیاریی "هۆندیۆس" کۆتاییهات. ئەم پڕۆسەیە دوای ماوەیەکی سەخت و پڕ لە گرژیی لە دەریادا ئەنجامدرا، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" لەناو کەشتییەکەدا.
وردەکاریی پڕۆسەی گواستنەوەکە
دواین گرووپ کە پێکهاتبوون لە ٦ سەرنیشین و بەشێک لە ستافی کەشتییەکە، لە بەندەری "غرانادیا" لە دوورگەکانی کەناری دابەزین. سەرنیشینەکان بە پۆشاکێکی پارێزەری شینەوە و لە ڕێگەی ڕێرەوێکی تایبەتەوە گوازرانەوە بۆ ناو پاسەکان، پاشان ڕاستەوخۆ بۆ فڕۆکەخانەی “تێنێریفێ” بەڕێکران تا لەوێوە بە دوو فڕۆکەی تایبەت بگەڕێندرێنەوە بۆ هۆڵەندا.
کاپتنی کەشتییەکە لە کاتی دابەزینی سەرنیشینەکاندا، ستایشی ئارامی و دیسپلینی ئەوانی کرد لەو ماوەیەدا کە بە "دۆخێکی یەکجار سەخت" وەسفیکرد.
قوربانییان و ئامارەکان
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ١٢٢ کەس لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گواستراونەتەوە. سێ کەس گیانیان لەدەستداوە (دوو هۆڵەندی و ئەڵمانییەک). هەروەها پشکنینی هاووڵاتییەکی ئەمریکی و فەرەنسییەک پۆزەتیڤ دەرچووە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیاش تووشبوونی کەسێکی تری لە مەدرید پشتڕاستکردەوە کە لەناو کەشتییەکەدا بووە.
ئاستەنگەکان و ڕێکارە تەندروستییەکان
سەرەتا دەسەڵاتدارانی دوورگەکان ڕێگرییان لە لەنگەرگرتنی کەشتییەکە کرد و پێیانوابوو دەبێت سەرنشینەکان لە "کەیپ ڤێردی" دابەزن کە کۆتایی گەشتەکەیان بووە، بەڵام تێکچوونی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان وایکرد کەشتییەکە ناچار بێت لە بەندەری غرانادیا لەنگەر بگرێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی لە کەشتییەکەدا بوون وەک "بەرکەوتەی مەترسیدار" پۆلێن دەکرێن و پێویستە بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە ژێر کەرەنتینە و چاودێری ورددا بن.
ڤایرۆسی هانتا؛ ئایا جیهان لەبەردەم پەتایەکی نوێدایە؟
هەرچەندە ئەم قەیرانە بیرەوەرییەکانی سەردەمی کۆرۆنای لای خەڵک نوێ کردەوە، بەڵام پسپۆڕان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی دەدەن کە:
* مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە جیهاندا "زۆر سنووردارە".
* ئەم جۆرەی لەسەر کەشتییەکە دۆزراوەتەوە (جۆری ئەندیز - Andes virus) دەگمەنە و دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە.
* ماوەی ڤایرۆسەکە (حضانة) دەگاتە شەش هەفتە و سەرچاوە سەرەکییەکەشی مشک و جرجن.
لە کۆتاییدا، نەخۆشخانەی زانکۆی فرانکفۆرت ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی تووشبوون لەو چوار سەرنشینە ئەڵمانییەدا دەرنەکەوتووە کە گەڕاونەتەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت.