سەرۆکی ڕێکخراوی پەی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ڕێگەی ئەنجومەنی شووراوە "نایاساییە"

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٤ پاش نیوەڕۆ

سەرۆکی ڕێکخراوی پەی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ڕێگەی ئەنجومەنی شووراوە "نایاساییە"

پەنجەرە 

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی بڕیارێکی "ئەنجومەنی شوورا"ـوە، پسپۆڕانی یاسایی و چاودێران هۆشداری توند دەدەن و ئەو هەنگاوە بە "کودەتای یاسایی" وەسف دەکەن.

پەرلەمان باڵادەستە نەک شوورا

د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕێکخراوی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پەنجەرە) ڕایگەیاند: "پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەی تەشریعییە لە هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەرییە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی خوار خۆیەوە کارا بکرێتەوە."

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەنجومەنی شوورا تەنها بەڕێوەبەرایەتییەکە لە چوارچێوەی وەزارەتی داد، کە ئەویش بەشێکە لە حکومەت و لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، وتیشی: "چۆن دەبێت دامەزراوەیەک کە خۆی لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، بڕیار لەسەر شەرعییەت و کاراکردنەوەی باڵاترین دەسەڵاتی وڵات بدات؟ ئەمە تەواو پێچەوانەی پرەنسیپە یاساییەکانە."

ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەنجومەنی شوورا

سەرۆکی ڕێکخراوی پەی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرکی ئەنجومەنی شوورا تەنها بریتییە لە تەفسیرکردن و لێكدانەوە بۆ ئەو یاسایانەی کە تەمومژاویین یان کێشەی تێگەیشتنیان هەیە، نەک دروستکردنی شەرعییەت بۆ دەزگایەکی پەککەوتوو.

تاکە ڕێگەی یاسایی

بە وتەی د. سەروەر، تاکە ڕێگە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان بتوانن زۆرینەی (50+1)ی ناو پەرلەمان پێکبهێنن.

بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هیچ لایەنێک نەگەیشتووە بەو ڕێژەیە و بنبەستێکی سیاسی دروست بووە، پەنا بۆ دەنگۆی کاراکردنەوەی لە ڕێگەی ئەنجومەنی شوورا دەبرێت، کە لە ڕوانگەی یاساییەوە هیچ بنەمایەکی نییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو