خوێنی "کەوسەر" و هەڵپەڕکێی بکوژان؛ کاتێک تیرۆرکردنی منداڵیی و یاسا دەبنە یەک
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە "نەهرەوان"ـی ڕۆژهەڵاتی بەغداد، کارەساتێک ڕوویدا کە نەک هەر ویژدانی مرۆیی هەژاند، بەڵکو پەردەی لەسەر قەیرانێکی قووڵی یاسایی و کۆمەڵایەتی لادا.
کوشتنی "کەوسەر بەشار ئەلحەسیجاوی"، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ، تەنها تاوانێکی خێزانی نەبوو، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدار بوو دەربارەی ئەو ژینگەیەی کە تیایدا کوشتن دەبێتە شانازیی و منداڵ دەبێتە قوربانی.
چیرۆکی کەوسەر: ڕاکردن لە زەماوەندی زۆرەملێ بۆ باوەشی مەرگ
بەپێی سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان، کەوسەر، کە هێشتا لە تەمەنی یاری و خوێندندا بوو، ڕووبەڕووی گوشارێکی توندی خێزانەکەی بووەوە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم و بە زۆرەملێ بدرێت بە شوو، ئەمجارەیان بە ئامۆزایەکی کە زۆر لە خۆی گەورەتر بوو.
کەوسەر کە ڕەتیکردبووەوە ببێتە کاڵایەکی بازرگانیی خێزانی، بڕیاری ڕاکردن دەدات وەک تەنها دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون.
دوای ڕاکردنەکەی، ئامۆزاکەی و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەی، بۆ هاندانی باوکی و خزمەکانی بۆ کوشتنی، دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و ناوزڕاندنی کچەکە لەناو عەشیرەتدا لەژێر ناوی "شەرەف". سەرەنجام خێزانەکەی دەستیان پێیدەگات و لەجیاتی پاراستنی، بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی دەهێنن.
هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ لەسەر تەرمی منداڵێک
ئەوەی ئەم تاوانەی لە تاوانێکی ئاسایی جیا کردەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. تێیدا دەردەکەوێت کە کەسوکاری کەوسەر دوای کوشتنی، ئاهەنگیان گێڕاوە و بە "هۆسە" و گۆرانی عەشایەری شانازییان بە "پاککردنەوەی شەرەفی" خۆیانەوە کردووە.
ئەم دیمەنە شۆکێکی گەورەی لە شەقامی عێراقی دروستکرد و بووە هۆی تووڕەییەکی فراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی.
کاتێک یاسا دەبێتە چەتری بکوژان
تاوانی کوشتنی کەوسەر لە کاتێکدایە کە یاسای سزادانی عێراقی (ماددەی ٤٠٩) هێشتا ڕێگە دەدات بە سووککردنی سزای بکوژ ئەگەر تاوانەکە لەژێر ناوی "بەرگری لە شەرەف"دا بێت. چالاکوانان دەڵێن ئەم ماددەیە وایکردووە بکوژان نەک هەر لە سزا نەترسن، بەڵکو وەک "پاڵەوان" لەناو کۆمەڵگەدا دەربکەون.
هاوکات نەبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق، کە ساڵانێکە لە پەرلەماندا بەهۆی ململانێی سیاسی و ئایینییەوە پەکخراوە، وایکردووە کە کچانی وەک کەوسەر هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نەبێت کاتێک لە توندوتیژی خێزانەکانیان هەڵدێن.
لەلایەکی تریشەوە ساڵی پار پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای باری کەسێتی پەسەندکرد، کە ڕێگە دەدات بە مناڵی ١٠ ساڵان و کەمتریش، بۆ ئەوەی بەشوو بدرێن.
بێدەنگیی حکومەت و هاواری ڕێکخراوەکان
تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر دەستگیرکردنی بکوژانی کەوسەر بڵاونەکردووەتەوە. ئەم بێدەنگییە وایکردووە چالاکوانان گومان بکەن کە دۆسیەکە بە "سوڵحی عەشایەری" دابخرێت.
لەبەرامبەریشدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییش داوا دەکەن سزای توند و بێ گەڕانەوە بۆ بکوژانی کەوسەر و ئەو کەسانەی هانیان داوە دەربکرێت.
پەڵەیەک و چەندین پرسیار
خوێنی کەوسەر تەنها پەڵەیەکی سوور نییە بە نێوچەوانی بکوژەکانییەوە، بەڵکو نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەبەردەم دەوڵەتی عێراق: ئایا یاسا دەبێتە پارێزەری ژیانی منداڵان، یان دەبێتە پاساوێک بۆ ئەو دەستانەی کە بە خوێنی بێتاوانان سوورن؟