کێبڕکێی لۆبیکردن لە واشنتۆن؛ مەلا بەختیار و جەعفەر شێخ مستەفاش لۆبییان کردووە

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ

کێبڕکێی لۆبیکردن لە واشنتۆن؛ مەلا بەختیار و جەعفەر شێخ مستەفاش لۆبییان کردووە

پەنجەرە

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە. لێکەوتە نەرێنییەکانی پەیوەندییە تێکچووەکەیان تەنیا لەناو هەرێمی کوردستاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر شێوازی مامەڵەیان لەو شوێنانەش کە پێشتر هەماهەنگی تێیاندا دەستکەوتی گەورەی بۆ هەردوولا هەبووە.

پەککەوتنی دامەزراوە نێوخۆیییەکان

لە ناوخۆدا، توانای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و پێکهێنانی حکومەت نەماوە. کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٨ هەڵبژێردراوە. 
بڕیار وابوو هەڵبژاردنی نوێ لە ٢٠٢٢ بکرێت، بەڵام دوو ساڵ دواخرا بۆ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤. ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ مانگ بەسەر وادەکاندا، وا دیارە پارتی و یەکێتی هیچ هەنگاوێک لە پێکهێنانی حکومەت نزیک نین.

لە سەرەتای نیساندا، گرژییەکانی نێوان هەردوو پارت لە بەغدا گەیشتە لوتکە لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق. کاتێک دەرکەوت کاندیدی یەکێتی بەرەو سەرکەوتن دەچێت، پەرلەمانتارانی پارتی دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد و دواتر پارتەکە ڕایگەیاند کە "دانی پێدا نانێت" و بایکۆتی دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان دەکات.

گواستنەوەی ململانێکان بۆ واشنتۆن

ئەم دابەشبوونە قووڵانە ئێستا بە ڕوونی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەردەکەون، کە گرنگترین هاوبەشی دەرەکیی هەرێمی کوردستانە.
لە ڕووی مێژووییەوە، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا (KRG USA) بە شێوەیەکی بێلایەن کاری دەکرد، بەڵام سەرچاوە کوردییەکان و چاودێرانی ئەمریکی بە "ئەمارگی"یان ڕاگەیاندووە کە نوێنەرایەتییەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئاشکرا بەلای پارتی دیموکراتی کوردستاندا شکاوەتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە وای لە یەکێتی کرد ساڵی ڕابردوو بڕیار بدات کۆمپانیای لۆبیکردنی تایبەت بە خۆی بگرێت. لە نیسانی ٢٠٢٥، "کۆمەڵەی گەشەپێدانی کوردستان" بە نوێنەرایەتی یەکێتی، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (Ballard Partners) واژۆ کرد بە بڕی ٧٥ هەزار دۆلاری مانگانە (٩٠٠ هەزار دۆلار ساڵانە). ئەم کۆمپانیایە کە بنکەکەی لە فلۆریدایە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ هەیە؛ دامەزرێنەرەکەی، سوزی وایڵز، ئێستا سەرۆکی دیوانی کۆشكی سپییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت: نوێنەرایەتیی هەرێم لە واشنتۆن لە جەستەیەکی یەکگرتووەوە گۆڕاوە بۆ پاشکۆی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و تەنیا کار بۆ بەرژەوەندییەکی دیاریکراو دەکات."

ئێستا دیمەنی دیپلۆماسیی کورد لە واشنتۆن گەڕاوەتەوە بۆ مۆدێلی پێش ساڵی ٢٠٠٥؛ لەبری یەک دەنگی یەکگرتوو، واشنتۆن مامەڵە لەگەڵ سێ کەناڵی جیاواز دەکات: شاندەکانی یەکێتی، شاندەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، و شاندەکانی پارتی/سەرۆکی حکومەت.

لۆبیکردنی کەسی (Freelancing)

جگە لە حزبەکان، چەندین کەسایەتیی سیاسیی ناو یەکێتیش بە جیا کۆمپانیای لۆبیکردنیان گرتووە:
* جەعفەر شێخ مستەفا: جێگری سەرۆکی هەرێم، لە شوباتی ٢٠٢٥ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (Hogan Lovells) واژۆ کردووە. ناوبراو لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس کۆبووەوە.

*مەلا بەختیار: لێپرسراوی پێشووی ناو یەکێتی، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (Stryk Global Diplomacy) واژۆ کردووە. خاوەنی ئەم کۆمپانیایە، ڕۆبێرت سترایک، بەوە ناسراوە کە کار بۆ کەسایەتییە جێ مشتومڕەکان و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکات.

خەرجییەکان و مەترسییەکان بۆ داهاتوو

بەپێی خەمڵاندنەکانی "ئەمارگی"، لۆبیکردنی لایەنە کوردییەکان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە. هەرچەندە ئەمە لەچاو وڵاتانی وەک چین (٨٢ ملیۆن دۆلار تەنیا لە ٢٠٢٥) و تورکیا (٥٤.٩ ملیۆن دۆلار لە ٢٠٢٥) کەمە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم پارەیە لە شوێنی خۆیدا خەرج کراوە؟

لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا وایکردووە سەرنجی واشنتۆن لەسەر ناوچەکە بێت، دابەشبوونی نێوخۆیی کورد و گواستنەوەی کێشە حزبییەکان بۆ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا، مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی هەرێم دروست دەکات. 
گەیاندنی کێشە و سەرلێشێواوی بۆ بەرپرسانی ئەمریکی، پێگەی کورد وەک "هاوپەیمانێکی جێی متمانە" لاواز دەکات و دەبێتە هۆی پاشەکشەی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان.

ئامارگی: دەزگایەکی میدیایییە لە ئەڵمانیا کاردەکات و تۆمارکراوە، بایەخ بە هەواڵ، بیروڕا و شیکارییەکان دەدات لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان. ناوەندەکەی لە لایپزیگی ئەڵمانیایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو