“تۆڵەی سیاسی" لە ژێر چەتری یاسا؛ چۆن هاوسەنگیی هێز لە ناو پەرلەمانی عێراق گۆڕا؟
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێدانی متمانە بە وەزیرە نوێیەکان، تەنیا رێکارێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو وەک "تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی" لە نێوان کوتلەکاندا دەرکەوت.
لە کاتێکدا بەرەیەکی دیاریکراو سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕاندنی کاندیدەکانیان، بەرەکەی تر ناڕەزایەتییەکی زۆرەوە هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت.
دابەشبوونی هێزەکان لە ناو پەرلەمان
بەپێی زانیارییەکان، نەخشەی دەنگدانەکە بە جۆرێک بوو کە گروپی (سودانی، خەزعەلی، حەلبوسی و یەکێتی) توانییان سەرکەوتن بەسەر گروپی (مالیکی، پارتی و موسەنا سامەڕائی)دا بەدەستبهێنن. ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:
* سەرجەم ئەو وەزیرانەی متمانەیان وەرگرت، سەر بە گروپی (سودانی، حەلبوسی و یەکێتی) بوون.
* ئەو کاندیدانەی لەلایەن پەرلەمانەوە رەتکرانەوە، نوێنەرایەتی لایەنەکانی (مالیکی، پارتی و موسەنا سامەڕائی)یان دەکرد.
کێشە و ئاڵۆزییەکان
سەرچاوەیەک لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران بە پەنجەرە) ی راگەیاند: "نوری مالیکی و موسەنا سامەڕائی بەهۆی رەتکردنەوەی کاندیدەکانیان زۆر نیگەرانن، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش ناڕەزایەتی خۆی لە بەرامبەر ئەو دۆخە دەربڕیوە". ئەم ململانێیە بووە هۆی دروستبوونی کێشە و مشتومڕێکی زۆر لە ناو هۆڵی پەرلەماندا.
ئەندازیاری سیناریۆکە کێ بوو؟
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "فایەق زەیدان" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، رێکخەری سەرەکیی سیناریۆکەی ناو پەرلەمان بووە بۆ لێدان لە پێگەی مالیکی، بەوپێیەی ناوبراو پاڵپشتی لە گروپی یەکەم (سودانی و هاوپەیمانەکانی) دەکات.
هەوڵە بێئەنجامەکان
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی چەندین جار هەوڵیدا متمانە بۆ "قاسم عەتا" کاندیدی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەدەستبهێنێت، بەو پاساوەی کابینەکە پێویستی بە وەزیری ناوخۆ هەیە، بەڵام داواکارییەکەی فەرامۆش کرا و کاندیدەکەیان رەتکرایەوە.