لە ماوتسی تۆنگەوە بۆ شی جینپینگ؛ گەڕانەوەی وێنەی "سەرکردەی مەزن"

١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

لە ماوتسی تۆنگەوە بۆ شی جینپینگ؛ گەڕانەوەی وێنەی "سەرکردەی مەزن"

پەنجەرە

لە دوای ساڵی ٢٠١٢ و دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن شی جینپینگ، کۆماری میللی چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە شێوازی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتدا بەخۆوە بینیوە. 
شی توانیویەتی وێنەی سەرکردەی نەتەوەیی بۆ خۆی دروست بکات، هەر ئەمەش وایکردووە بە بەهێزترین سەرۆکی چین لە دوای ماوتسی تۆنگ لێیبڕوانرێت.

سەرۆکی چین و قۆناغی نوێ 

پێش ساڵی ٢٠١٢، چین لەلایەن گروپێک لە بیرۆکراتەکان و بە شێوازی "سەرکردایەتی بەکۆمەڵ" بەڕێوە دەبرا، بەڵام شی کۆتایی بەم قۆناغە هێنا و سەرەتای قۆناغی تاکڕەویی دەستپێکرد.

شی شێوازی بڕیاردانی لە سەرکردایەتی بە کۆمەڵەوە گۆڕی بۆ سەرکردایەتی تاکە کەسی، کە ئەویش خۆیەتی. هەروەها ناڕازییەکانیشی قۆناغ بە قۆناغ دوورخستەوە.

یەکێک لە دیارترین هەنگاوەکانی شی، گۆڕینی پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی وڵات بوو. ئەو بە چەند قۆناغێک ئەمەی ئەنجامدا و لە سەرەتادا دروشمی "دژایەتی گەندەڵی" بەکارهێنا وەک ئامرازێک بۆ لادانی ئەو سەرکردە و فەرماندە سەربازییانەی کە مەترسی بوون بۆ سەر پێگەکەی.

هەروەها دوورخستنەوەی بەکۆمەڵی ئەفسەرە باڵاکان بەهۆی ترس لە کودەتا یان دژایەتیکردنی، بۆیە لە ئێستادا تەنها ئەو کەسانە لە پۆستە باڵاکاندا دەمێننەوە کە دڵسۆزی تەواویان بۆ هێڵی سیاسی سەرۆک هەیە.

سەرۆک تا مردن 

یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکان، لابردنی ئەو بەربەستە یاساییانە بوو کە ڕێگەی دەدا سەرۆک تەنها بۆ دوو خول بمێنێتەوە.شی جینپینگ ئێستا لە خولی سێیەمی سەرۆکایەتیدایە و ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە دەیەوێت تا مردن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
هەر کەسێک گومانی لێبکرێت کە ناڕازییە بەرامبەر ئەم "مانەوە هەمیشەییە"، دەستبەجێ لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.

شی جینپینگ خۆی وەک پارێزەری شکۆی نەتەوەیی چین وێنا دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات چین بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی مەزنێتی و بەم ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت.
بۆیە سەردەمی شی جینپینگ کۆتاییهێنانە بە سەردەمی "بیرۆکراتییەت" و دەستپێکی سەردەمی "سەرکردەی بەهێز". ئەو بە پاکتاوکردنی سوپا و حیزب لە نەیارەکانی، توانیویەتی خۆی بکاتە چەقی بڕیار و هەموو مەترسییەکانی سەر کورسییەکەی لەناو بەرێت، بەمەش چین بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو