د۱ـعـ.،ـش داوای هەڵگەڕانەوە لەحکومەتی شەرع لە چەکدارە بیانییەکان دەکات
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
د۱ـعـ.،ـش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەخنە لە مامەڵەی حکومەتی سوریا لەگەڵ چەکدارە بیانییەکان دەگرێت، هاوکات ئیدانەی هەڵمەتی تەسفییەکردن و سەرکوتکردنی ئەو چەکدارانە دەکات، کە گوایە لەسەر داوا و بە پاڵپشتیی وڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە دژیان بەڕێوەدەچێت.
ڕێکخراوەکە داوای لەو چەکدارە بیانییانە کرد کە لە سوریان، بچنە پاڵ چەکدارەکانی و حکومەتی دیمەشقیشی تۆمەتبار کردووە بەوەی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو فریوی داون و دوای گەیشتنی بە دەسەڵات، پشتی تێکردوون و خیانەتی لێکردوون.
.
رێکخراوەکە دەڵێت: رژێمی نوێی سوریا ئێستا چەکدارە بیانییەکان بە بێگانە و بارگرانی بەسەر شۆڕشی سوریاوە دەبینێت،لەکاتێکدا ئەو چەکدارانە پشتیوانییان کردوون و قوربانییان لە پێناودا داون بۆ دامەزراندنی "دەوڵەتێک کە شەریعەت جێبەجێ بکات"، بەڵام ئەمڕۆ کراونەتە سووتەمەنی بۆ پڕۆژەی "تاغوتەکان".
د۱ـعـ.،ـش هێرشیکردووەتە سەر ئەحمەد شەرع و تۆمەتباری کردووە بەوەی پاشکۆی دەزگا هەواڵگیرییە نێودەوڵەتییەکانە، ئاماژەی بەوەشکردووە لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی دەرەکیدا دەستی بە گرتن و توندکردنەوەی گەمارۆی سەر چەکدارە بیانییەکان کردووە.
داواشی لە چەکدارەکان کردووە پێداچوونەوە بەو ئاڵایەدا بکەن کە لەسایەیدا دەجەنگن و بگەڕێنەوە بۆ پرۆژەی “دەوڵەتی ئیسلامی" و پرۆژە شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی و حیزبییەکان جێبهێڵن.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد رژێمی ئێستای سوریا بە یارمەتی "سەرپەرشتیاریی تورکی" قۆناغ بە قۆناغ پشت لە چەکدارە بیانییەکان دەکات، چونکە ئەوان بە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی "دەوڵەتی مەدەنی"دا دەبینرێن.