مەترسییەکانی داتاشینی پۆستی "جێگری سەرۆکوەزیران" بۆ حکومەتی عێراق
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری یاسایی هۆشداری دەدات لە لێکەوتەکانی دیاریکردنی جێگر بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە جگە لە دروستکردنی کێشەی کارگێڕیی، بارگرانییەکی دارایی گەورەش بۆ وڵات دروست دەکات.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی یاسایی لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "دیاریکردنی جێگر بۆ سەرۆکوەزیران لە بوارەکانی وەک کاروباری دەرەوە یان سەربازیی، دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوەدا."
ئەو یاساناسە ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەم پۆستانە لە بنەڕەتدا بۆ ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان داتاشراون، بەڵام لە داهاتوودا دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ حکومەت.
سەبارەت بە پێگەی یاسایی ئەو پۆستانە لەناو پەرلەماندا، چۆمان محەمەد وتی: "جێگرانی سەرۆکوەزیران و تەنانەت جێگرانی سەرۆک کۆماریش، لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێنادرێت، هەر بۆیە پەرلەمان ئەگەرچی دەتوانێت چاودێریی کارەکانیان بکات، بەڵام ناتوانێت متمانەیان لێ بسەنێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە."