لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا؛ ١٠ هەزارو ٣٣٧ بارهەڵگری پڕ لە کاڵاو شمەک تەنها لە کرماشانەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان

٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٩ پاش نیوەڕۆ

لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا؛ ١٠ هەزارو ٣٣٧ بارهەڵگری پڕ لە کاڵاو شمەک تەنها لە کرماشانەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان

پەنجەرە 

دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکەم مانگی ساڵی نوێی دارایی ئێراندا (کە لە ٢١ی مانگی سێوە دەست پێدەکات) جووڵەیەکی چڕی بازرگانییان بەخۆوە بینیوە؛ بە جۆرێک هەزاران بارهەڵگری پڕ لە کاڵا و شمەکی جۆراوجۆر بەرەو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون.

ڕەزا نیک ڕەوش، سەرپەرشتیاری گومرکەکانی پارێزگای کرماشان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لە سنوورە هاوبەشەکانەوە ٢٣ هەزار و ٧٥٩ بارهەڵگری بازرگانی هاتوچۆیان کردووە. 

ئەم بارهەڵگرانە زیاتر لە ٤٥٦ هەزار تۆن کاڵای هەناردەکراویان گواستووەتەوە کە بەهاکەیان لە ١٤٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێپەڕیوە، ئەمەش بەردەوامیی گەشە و دۆخی باشی ئابووری لەم ناوچە ستراتیژییەدا نیشان دەدات.

دابەشبوونی جووڵەی بارهەڵگرەکان بەپێی دەروازە سنوورییەکان:

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرک، جووڵەی بارهەڵگرەکان لە دەروازە سنوورییە جیاوازەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
* دەروازەی خەسرەوی (مەنزەریە)، لە پلەی یەکەمدا دێت و پشکی شێری بەرکەوتووە، بە جۆرێک جووڵەی ٧,٣٥٧ بارهەڵگری تێدا تۆمار کراوە.

* دەروازەی پەروێزخان، بە ٦,٤٠٩ بارهەڵگر لە پلەی دووەمدایە.

* دەروازەی سۆمار (مەندەلی): بە تۆمارکردنی هاتوچۆی ٦,٠٦٥ بارهەڵگر، پلەی سێیەمی گرتووە.

* دەروازەکانی شووشمێ و دەەروازەی نزیک بەمۆ، بەپێی ڕیزبەندی ١,٩٥١ و ١,٩٧٧ جووڵەی بارهەڵگریان تێدا تۆمار کراوە.

جۆری کاڵا هەناردەکراوەکان

ڕاپۆرتە ئابوورییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کاڵا هەناردەکراوەکان هەمەجۆر بوون بۆ ئەوەی پێداویستیی بازاڕە هاوردەکارەکان دابین بکەن، لەوانەش کەرەستەی بیناسازیی، پیشەسازیی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. دیارترین ئەو ماددانەی کە لە سنوورەکانەوە گواستراونەتەوە بریتین لە: ئاسن و شیش، پەینی کیمیایی، بەردی مەڕمەڕ، لەگەڵ بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانی وەک: دۆشاوی تەماتە، شیری وشکی پیشەسازی، تەماتەی فرێش و سەوزەوات و میوەی وەک شوتی و خەیار.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو