ئەسەسەرد: عەلی زەیدی لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراوە و ئێران لەم قۆناغەدا عێراقی فەرامۆش کردووە
٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، کە عەلی زەیدی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەپێنراوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا ئێران بەهۆی کێشەکانی خۆیەوە، ڕۆڵی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا کەمبووەتەوە.
ئەسەسەرد لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕوونکردنەوەی لەسەر دۆخی ناوچەکە دا و وتی: ئێران لەم قۆناغەدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە عێراقدا نییە، چونکە سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی؛ بەتایبەت لەم هەلومەرجەدا کە تووشی شەڕ بوو لەگەڵ ئەمریکا. هەرچەندە ئێستا شەڕەکە ڕاگیراوە، بەڵام تاران هەوڵدەدات خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکات. بۆیە عێراقی بە تەواوی فەرامۆش نەکردووە، بەڵام وەک پێشووتر بایەخی پێ نادات."
ئەو چاودێرە ستراتیژییە وەک بەڵگەیەک بۆ کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئێستادا سەردانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ بەغدا زۆر دەگمەن بووە و لێدوانی فەرمیش لەسەر دۆخی عێراق نادەن، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا لای ئەوان لە هەموو شتێک گرنگترە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرید ئەسەسەرد تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی عێراق و ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا بەغدا ڕووبەڕووی کێشە و فشاری زۆری ئەمریکا بووەتەوە، بەتایبەت لە پرسی کۆنترۆڵکردنی دۆلاردا.
بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم تەنگژانەشدا، ئەسەسەرد ئاماژەی بە هەنگاوە ئەرێنییەکانی حکومەتی عێراق کرد و وتی:حکومەتی عێراق لەم قۆناغەدا چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگی ئەنجامداوە، لەوانەش ڕێکخستنەوەی چەند دەروازەیەکی نوێ بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت، تا لە کاتی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکەدا، جێگرەوەی ئامادەی لەبەردەستدا بێت.