یەکگرتوو دەستپێشخەرییەکەی دەباتە بەردەم پارتی و یەکێتی: "ئێوە سەری کێشەکانن"
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی سیاسی رادەگەیەنێت و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەخاتە بەرباس.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ناوەرۆک و هۆکارەکانی پشت ئەو دەستپێشخەرییەی ئاشکرا کرد.
هەرێم لە لێواری بنبەستدا؛ پاڵنەرەکانی دەستپێشخەرییەکە
ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد کە خوێندنەوەی ئەوان بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕووەکانەوە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەست. وەک ئەو دەڵێت:
* بەسەرچوونی ماوەی دامەزراوەکان: دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێم وەک پەرلەمان و حکومەت ماوەی یاساییان بەسەرچووە.
* دابڕانی سیاسی: ناکۆکی و دابڕانی قووڵ لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا هەیە.
* لاوازی بەرامبەر بەغدا: هەرێمی کوردستان بەهۆی پەیڕەکردنی "دوو جۆر سیاسەتی جیاواز" لە بەرامبەر بەغدا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ لاوازتر دەبێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بەغدا حکومەت پێکهێنراوە، پەرلەمان کارایە و سەرۆک کۆماریش هەڵبژێردراوە.
مستەفا عەبدوڵا ڕوونیکردەوە کە ئەم هۆکارانە پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی م. سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی فیکرەی دەستپێشخەرییەکە لە مەکتەبی سیاسی بخاتەڕوو، کە دەرەنجامەکەی ئامادەکردنی یاداشتێکی سێ تەوەری بوو.
“سەری کێشەکان" و کاراکردنەوەی پەرلەمان
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستپێشخەرییەکە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی وتی: "موفاتەحەی هەموو لایەنەکان دەکەین و لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەست پێدەکەین، چونکە ئەوان بە پلەی یەکەم سەری کێشەکانن".
راشیگەیاند کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی پارتی و یەکێتی دەکەن، بەڵام بەرنامەی سەرەکییان ئەوەیە پێکەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی خاوەن کورسی پەرلەمانین کۆببنەوە؛ چونکە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی یاداشتەکەی یەکگرتوو، بریتییە لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەو لایەنانەی ئارەزووی بەشداریکردن دەکەن.
کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پێشوەختە هیچ قسەیەکیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، مستەفا عەبدوڵا ڕەتیکردەوە پێشتر گفتوگۆ کرابێت، بەڵام ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ م. سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی، دیدارێکی لەگەڵ پارتی هەیە و لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر ناوەرۆکی یاداشتە سێ تەوەرییەکە دەکەن".