چەکی ئەمەریکیی لە بانە؛ ئایا ئێران بەدوای پاساودا دەگەڕێت بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان؟

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

چەکی ئەمەریکیی لە بانە؛ ئایا ئێران بەدوای پاساودا دەگەڕێت بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان؟

پەنجەرە

جارێکی دیکە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بوونەوە بە چەقی ململانێیەکی میدیایی و ئەمنی. ڕاگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنی "بارێکی گەورە"ی چەکی ئەمەریکی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، شەپۆلێکی نوێی تۆمەتبارکردنی بەرەو ڕووی هەرێمی کوردستاندا ئاراستە کردووە، ئەمەش گومانی درووستکردووە کە ئایا سیناریۆیەک نییە بۆ ڕاکێشانی هەرێم بۆ ناو ململانێیەکی سەربازیی قووڵتر؟

گێڕانەوەی تاران: چەک بۆ نانەوەی پشێوی

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر بارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئەمەریکادا بگرن کە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوخۆی ئێران بەڕێ کرابوون.

تاران پەنجەی تۆمەت بۆ "گرووپە تیرۆریستییە دژبەرەکانی جێگیر لە باکووری عێراق" درێژ دەکات و دەڵێت ئەم چەکانە بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکان و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە بوون.

هەڕەشەکانی سوپای پاسداران توند بوون؛ باس لە "وەڵامێکی پەشیمانکەرەوە" دەکەن بۆ هەر لایەنێک کە دەست لە تێکدانی ئاسایشی سنوورەکانیان وەردات.

ئەم تۆمەتانە هاوکاتن لەگەڵ لێدوانە مشتومڕاوییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە ئاماژەی بەوە کردبوو لایەنە کوردییەکان دەستیان بەسەر ئەو چەکە ئەمەریکییانەدا گرتووە کە ناوردویانن بۆ ئێران.

وەڵامی هەرێم: نکوڵییەکی بێپەردە و جەختکردنەوە لە سەقامگیریی

تائێستا حکومەتی هەرێم بە فەرمی لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ قسە و ڕاگەیەنراوێکی نەبووە. بەڵام لێدوانەکان کە وەکو سەرچاوەی نادیاری بەرپرسانی هەرێم لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، بە توندی ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)ـی ڕاگەیاندووە: ئەم تۆمەتانە "دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکیان نییە".

جەختیشی کردەوە کە "سیاسەتی نەگۆڕی هەرێم ئەوەیە کە ڕێگە نادات خاکەکەی ببێتە مەیدانی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی."

بەرپرسانی هەرێم نکۆڵی لەوە ناکەن کە بەهۆی سەختیی ناوچە شاخاوییەکان، ڕەنگە قاچاخچێتی چەک  هەبێت، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە ئەمە کارێکی بازرگانییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیار و ویستی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە نییە.

ئایا تاران پاساو دەتاشێت؟

ئاماژە و لێکدانەوە سیاسییەکان بۆ ئەوەدەچن کە دوو ئەگەری سەرەکی لە پشت ئەم هەڵمەتە میدیاییەی ئێرانەوە دەبینرێن.

یەکەمیان ئەم تۆمەتانە وەک "بەرگی شەرعی" دەبینن کە لەلایەن تارانەوە بەکاردێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوپای پاسداران بە مووشەک یان درۆن هێرش بکاتە سەر بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵات یان ناوچە جیاجیاکانی هەرێم.

دووەمیشیان گوشارە بۆ سەر بەغدا و هەولێر، بەوەی ناچاریان بکات بۆ توندکردنی زیاتری ناوچە سنوورییەکان و داماڵینی تەواوی پارتە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە چەک. بەتایبەتی لەگەڵ بەهێزبوونی ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو