بازدان بەسەر هەرێمی کوردستاندا؛ ئایا ڕەبیعە دەبێتە بەدیلی ئیبراهیم خەلیل؟

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ

بازدان بەسەر هەرێمی کوردستاندا؛ ئایا ڕەبیعە دەبێتە بەدیلی ئیبراهیم خەلیل؟

پەنجەرە

دوێنێ یەکەمین کاروانی بارهەڵگری بازرگانیی تورکیا لە ڕێگەی خاکی سوریاوە گەیشتنە ناو خاکی عێراق. ئەم هەنگاوە تەنها کردنەوەی ڕێگایەکی نوێ نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە هەڕەشە لە باڵادەستیی دەروازەی "ئیبراهیم خەلیل" و هەرێمی کوردستان وەک تەنها دەرچەی بازرگانی تورکیا و عێراق دەکات.

لە "ئاقچە قەلعە"وە بۆ "ڕەبیعە"

پرۆسەکە بە شێوەیەکی کردەیی بە چاودێریی حکومەتە فیدراڵییەکانی بەغداد و دیمەشق و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکی دەستیپێکردووە. کاروانی یەکەم کە ماددەی خۆراکی بوو، خاڵی دەسپێکی تێپەڕین بوو لە تورکیاوە لە ڕێگەی مەرزەی "ئاقچە قەلعە".

دواتر لە ڕێگەی دەروازەی "گرێ سپی"ـیەوە داخل بە بە سوریا دەبێت. لەوێوە بارهەڵگرەکان بە ڕێگای نێودەوڵەتی (M4)ـدا تێپەڕین و بە چەندین شارۆچکەی گرنگدا ڕۆیشتن، لەوانە: (عەین عیسا، تەل تەمر، قامیشلۆ، قەحتانیە و جەوادیە). لە کۆتا خاڵدا گەیشتنە شارۆچکەی (تەل کۆچەر) و لەڕێگەی دەروازەی "ڕەبیعە"ـوە داخل بە عێراق بوون.

کات و تێچوو: خێراتر و هەرزانتر

هەرچەندە ئەم ڕێگایە لە ڕووی کیلۆمەترەوە نزیکەی ١٣٠ بۆ ١٥٠ کیلۆمەتر لە ڕێگای ئیبراهیم خەلیل درێژترە (کۆی گشتی ئەم رێگایە نزیکەی ٦٤٠ کمە)، بەڵام لە ڕووی کاتەوە زۆر خێراترە.

گەیشتنی بارهەڵگرەکان تەنها ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێری خایاندووە. ئەم خێراییە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی سیستەمی TIR (ترانزێتی نێودەوڵەتی). لەم سیستەمەدا بارهەڵگرەکان لە وڵاتی بنەڕەت (تورکیا) مۆر دەکرێن و لە خاڵە سنوورییەکانی تردا تەنها پشکنینی مۆر و کاغەزەکان دەکرێت، ئەمەش جگە لەکات، تێچووەکەیشی بە ڕێژەی ٣٠٪ کەمدەکاتەوە.

سوودی بۆ وڵاتەکان و زیانی بۆ هەرێم

ئەم رێگەیە سوودی جیاوازی بۆ هەرسێ وڵاتەکە دەبێت، تورکیا کاڵای زیاتر دەفرۆشێت و سوریاش دەبێتە رێڕەوێکی بازرگانیی کارا و عێراقیش هەم داهاتی زیاد دەکات و هەم ڕزگاریشی دەبێت لەو تاک دەروازەیەی (ئیبراهیم خەلیل) کە بە تورکیاوە هەیەتی و بەدەستی خۆیەوە نییە.

بەڵام لەبەرامبەردا ڕێگاکە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستان، چونکە بۆ چەندین دەیەیە هەرێم تەنها ڕێگای وشکانی نێوان ئەنقەرە و بەغداد بوو، ئێستا ئەم "قۆرخکارییە جوگرافییە" شکاوە.

ئەم واقعەش وادەکات هەرێم داهاتێکی زۆری گومرگی لەدەستبدات. بەتایبەتی کە بازرگانان ڕوو لە ڕێگای سوریا دەکەن بەوهۆیەی لەوێ "باجی دوو لایەنە" (حکومەتی هەرێم + حکومەتی فیدراڵ) نییە، بەڵکو تەنها یەکجار باج بە بەغداد دەدەن، ئەمە سەرباری ئەوەی رۆتیناتی کەمترە و مامەڵەکان زوتر بەڕێدەکرێن.

ئەمەش وادەکات لەڕووی سیاسییشەوە کاریگەری لەسەر پێگەی هەرێم هەبێت، بەتایبەتی کە دەروازەی سنووری یەکێک بوو لە کارتە بەهێزەکانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکاندا.

ئایا دەبێتە بەدیلی ئیبراهیم خەلیل؟

ئەم ڕێگایە توانای فراوانبوونی زیاتری هەیە، بەتایبەت ئەگەر دۆخی ئەمنی سوریا سەقامگیرتر بێت. بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا - ASYCUDA" لە دەروازەی ڕەبیعە، وادەکات ڕێکارەکان زۆر خێراتر بن لە ئیبراهیم خەلیل کە زۆرجار بەهۆی قەرەباڵغی و ڕۆتینەوە بارهەڵگرەکان چەندین ڕۆژ چاوەڕێ دەکەن.

ئەگەر حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە باج و ڕسومات و خێرایی ڕێکارەکاندا نەکات، ڕێگای (تورکیا-سوریا-ڕەبیعە) دەبێتە شا دەروازە نەک بەدیل و جێگرەوەی ئیبراهیم خەلیل. ئەوکات ئەمەش وادەکات هەرێمی کوردستان تەنها ببێتە ڕێڕەوێک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سێ پارێزگاکەی خۆی و رۆڵی وەک "ترانزێتی نێودەوڵەتی" بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق لەدەستبدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو