شەڕی میدیایی پارتی و یەکێتی؛ ئەو پشکۆیەی فوویەکی بەسە
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
له‌دیمه‌نێكدا كه بینینی له جیهاندا دانسقه و ده‌گمه‌نه، سه‌رۆكى پارتێكى ئۆپۆزسیۆن، نێوه‌ندگیری ده‌كات له‌نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداردا بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى میدیایی ڕابگرن!
ئه‌م دیمه‌نه ده‌رخه‌رى ئه‌و دۆخی نه شه‌ڕ نه ئاشتییه‌یه، كه ساڵانێكه هه‌رێمى كوردستانى تێده‌دژێت. دۆخێك كه هەردوو جەمسەری دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) خوڵقاندوویانه.
ئەوەی هیچ کات له‌نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا کپ نابێت و هەمیشە وەک پشکۆیەک لەژێر خۆڵەمێشدا ئامادەیە، شەڕی میدیاییە. ئەم شەڕە کە ئێستا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو مۆبایلی هاووڵاتیان، بووەتە مه‌یدانێك بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان، بەڵام بە باجێکی قورس بۆ کۆمەڵگە.
سەنگەرە هەمیشە ئامادەكه
هەردوو حزبەکە نەک هەر میدیای فەرمییان هەیە، بەڵکو خاوەنی "سوپایەکی سێبەر"ـن لە سۆشیاڵ میدیادا. ئەم سوپایە پێکهاتووە لە پەیجی بێ‌ناونیشان، ئەکاونتی فەیک، و پلاتفۆرمی جۆراوجۆر کە ئەرکیان تەنیا هێرشکردنە.
ئه‌م سوپایه‌ی پارتی و یەکێتی، لە دۆخی "ئامادەباشیی بەردەوام"دان، بچووکترین لێدوانی بەرپرسێکی پلە دوو، یان گۆڕانکارییەکی ئیداری لە زۆنێکی دیاریکراو، بەسە بۆ ئەوەی "ماکینەی میدیایی" هەردوولا بکەوێتە گەڕ.
زمان و ئامرازه‌كانى شه‌ڕه‌كه
شێوازی شەڕەکە لە ساڵانی دواییدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. پێشتر تەنیا ڕەخنەی سیاسی بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە پەنابردن بۆ هێرشی شه‌خسی و بەکارهێنانی زمانێکی زبر و نزم، ئه‌مه سه‌رباری تۆمەتبارکردنی هه‌میشه‌یی یەکتری بە "خەیانەت" و "جاشایەتی".
جیاوازیی ئه‌م شه‌ڕانه‌ى ئێستا و پێشتر، ئامرازه‌كانه. پێشتر زۆرتر ئامرازه میدیاییه‌كانى وه‌كو (ته‌له‌فزیۆن، رادیۆ و رۆژنامه‌ى حزبه‌كان) به‌شدارییان له شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌كرد و هێرشیان بۆ سه‌ر یه‌كتری ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا گۆڕاوه بۆ میدیا سێبه‌ره‌كان.
جگه له‌و ده‌یان په‌یج و دیجیتاڵ میدیایه‌ى هه‌یانه، یه‌كێتى و پارتى خاوه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كى میدیایی زه‌به‌لاحن كه دروستكردن و ئیداره‌دانیان ملیۆنان دۆلاری ویستووه. ئێستا شه‌ڕى میدیایی، ئه‌و ده‌زگایانه خۆشی ده‌كه‌ن.
شه‌ڕێك له‌سه‌ر ئێسكى نیشتمان
ئەم شەڕە میدیاییە تەنیا لەناو فەیسبووک و شاشەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر جومگەکانی كۆمه‌ڵگه.
له ئاسته فه‌رمییه‌كه‌یدا، وایكردووه بنبه‌ستى سیاسیی زیاتر بچه‌سپێت، هێشتا په‌رله‌مان خامۆشه و حكومه‌ت كاربه‌ڕێكه‌ره، ئه‌م شه‌ڕانه‌ش هێنده‌ى تر ئاسۆی لێكگه‌یشتن و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن لێڵ ده‌كه‌ن.
له ئاسته سیاسییه‌كه‌یشدا، وایكردووه په‌رتبوونى كورد زیاتر ده‌ربكه‌وێت به‌تایبه‌تى له به‌غدادا، هه‌روه‌ك پێگه‌ى هه‌رێمه‌كه‌ش رۆژ دواى ڕۆژ لاواز بێت.
هه‌موو ئه‌مانه له‌لایه‌ك و دۆخی ده‌روونى و ژیانیی هاوڵاتیانیش له‌لایه‌ك.
له‌م شه‌ڕه میدیایانه‌دا، قوربانیی یەکەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. ئه‌وان کاتێک دەبینن دوو حزبی سەرەکی تەنیا خەریکی شکاندنی یەکترن، بێ‌ئومێد دەبن لە چاکسازی و باشبوونی بژێوی ژیانیان.
هه‌روه‌ك بوونى مه‌كینه‌یه‌كى به‌رده‌وامى میدیایی كه فه‌زاى دیجیتاڵی پڕ ده‌كات له بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕق و كینه، وایکردووە هاووڵاتیی کورد لە دۆخێکی ڕاڕایی و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا بژیت، هەمیشە ترسی ئەوەی هەیە "شەڕی ناوخۆ" یان "دوو ئیدارەیی" بە ڕاستی بگەڕێتەوە.
ئه‌و چه‌كه‌ى زیانه‌كه‌ى زیاتره
ئەگەرچی پارتى و یه‌كێتى شه‌ڕى میدیایی وەک ئامرازێکی فشار بەکاری دەهێنن، بەڵام لە ڕاستیدا لە بنکۆڵکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت. ئەو پشکۆیەی کە هەردوولا فووی تێدەکەن، ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ڕەنگە ڕۆژێک بێت تەنیا یەکتر نا، بەڵکو تەواوی ئەو ماڵە بسوتێنێت کە ملیۆنان مرۆڤ به خوێن و ئاو بونیادیان ناوه.