پەنجەرە ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای پاپای ڤاتیکان بڵاو دەکاتەوە

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای پاپای ڤاتیکان بڵاو دەکاتەوە

پەنجەرە 

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، پەیوەندی بە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەجێندای سەردانەکە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی دیدارەکەیدا، داوای لە پاپای ڤاتیکان کردووە پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر شەرێکدا لە نێوان تاران و واشنتۆن، هەرێمی کوردستان بەدوور بگیرێت لە لێکەوتەی ئەو شەڕە."

سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە نێچیرڤان بارزانی هەوڵدەدات لە ڕێگەی نێوەندگیری و کاریگەریی پاپاوە، گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە، بە جۆرێک کە هەولێر ناچار نەکرێت ببێتە لایەنێک یان تێوەبگلێت لەو ململانێ و شەڕە چاوەڕوانکراوەدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دووپاتم کردەوە کە کریستیانەکان و هەموو پێکهاتە ئایینییەکان نەک تەنها بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و شوناسی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەردەوامن لە داڕشتنی داهاتوویان."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: جەختم لەوە کردەوە بۆ قەداسەتی پاپا کە پاراستنی ماف و کەرامەت و ئامادەیی ئاشتییانەی کریستیانەکان لە نیشتمانی باوباپیرانیاندا هەمیشە ئەرکی ئێمە دەبێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو