پەیامی پشت بۆردومانەکان؛ ئێران دەیەوێت هەرێم لە هاوکێشەی شەڕی ئەمریکا بێلایەن بکات
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ئاشکرای دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانیەوە، پەیامێکی هۆشداری توند ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەیەوێت لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی سەربازیدا، هەرێم لە هاوکێشەکان دووربخاتەوە.
سەرچاوەکە بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئێران لە ڕێگەی ئەو بۆردومانە بەردەوامانەوە دەیەوێت فشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پێی بڵێت لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان یان قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، هەرێمی کوردستان بەشێک نابێت لە چوارچێوەی هیچ ئاگربەستێک و ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج."
سەبارەت بە پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لە دیدی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ئەمریکی بایەخێکی تایبەت بە دەروازە و جوگرافیای هەرێم دەدات. ئەمەش بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی و ترسی تاران، بەو پێیەی ئێران مەترسی هەیە ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی دەست پێبکاتەوە، تەنها پشت بە هێرشی ئاسمانی نەبەستێت، بەڵکو زەمینیش بۆ هێرشەکە بەکاربهێنێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرچاوە سیاسییەکە جەختیکردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئێران لەم قۆناغەدا، سەپاندنی فشارێکی چڕە بەسەر هەرێمدا، تاوەکو دڵنیایی تەواو بەدەستبهێنێت کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەدا هیچ جۆرە دەستوەردانێک ناکات و لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر شەڕدا بە تەواوی بێلایەن دەمێنێتەوە.