پەیام و تۆڵە؛ هێرشەکەی پژاک لە سەقز چی دەگەیەنێت؟

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ

پەیام و تۆڵە؛ هێرشەکەی پژاک لە سەقز چی دەگەیەنێت؟

پەنجەرە

دوێنێ دووشەممە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هێرشیان کردووەتە سەر کانێک لە سنووری شاری سەقز؛ لە بەرامبەریشدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەنجەرە ئاشکرایدەکات کە ئەم هێرشە لە چوارچێوەی “وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوە”بووە لەبەرامبەر هێرشەکانی پێشووتری سوپای پاسداران.

دەقی ڕاپۆرتی میدیا ئێرانییەکان

دوێنێ دووشەممە (18-5-2026)، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەوروبەری سەعات 1:00ی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ، هێزێکی پژاک کە سێ ئۆتۆمبێلیان پێبووە، هێرشیان کردووەتە سەر کانی (مێرگە نەخشینە) لە سنووری شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بە گوتەی ئاژانسەکە، گەریلاکانی پژاک لە سەرەتای هێرشەکەدا دەست و پێی دوو پاسەوانی کانەکەیان بەستووەتەوە و ئامێرە تەلەفۆنییەکانیان کوژاندووەتەوە، پاشان دەستیان بە سووتاندنی کەرەستە و کەلوپەلەکانی ناو کانەکە کردووە.

زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیای فەرمی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم هێرشەدا بیلدۆزەرێک، شۆفڵێک و چوار کابینەی پلاستیکی (کە حەشارگەی کەرەستەی تەکنیکی، پارچەی یەدەگ و موەلیدەی کارەبا بوون) بەتەواوی سووتاون و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
ئاژانسی (فارس نیووز) لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی لەوە کردووە کە ئامانجی پژاک لەم هێرشە و بارمتەگرتنی پاسەوانەکان “وەرگرتنی باج”بووە. ئاژانسەکە هێزە کوردییەکانی بە “دژە شۆڕش”ناوبردووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی “بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی ئابووریی و نەهێشتنی دەرفەتی کار لە ناوچە سنوورییەکان، ژێرخانە سەرەکییەکان دەکەنە ئامانج”

ڕەهەند و پەیامی پشت هێرشەکە

سەبارەت بە پاساو و پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم هێرشە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەکەوە تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئەم هێرشەی پژاک بۆ سەر کانی (مێرگە نەخشینە) بەبێ پێشینە نەبووە، بەڵکو دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا هێرشی کردبووە سەر مۆڵگە و هێزەکانی پژاک."

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەش کردەوە کە: "کردەوەکەی پژاک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بووە بۆ هێرشەکانی سوپای پاسداران، پەیامێکی ڕوونی هۆشداریدان و تۆڵەکردنەوە بووە لە بەرامبەر جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی تاران لە ناوچەکەدا."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو