بڵاوکردنەوەی دۆسیەی "حەمە ڕەش" کێشە لەنێو دەستەی مافی مرۆڤدا دروستدەکات
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
"حەمە ڕەش" پاسەوانی زیندانیکراوی "بەرەی گەل" کە بڵاوکردنەوەی وتەکانی لەبارەی ئەشکەنجەدانەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری میدیایی لێکەوتەوە، بڵاوکردنەوە یان نەکردنەوەی وتەکانی لەلایەن دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤەوە، کێشەی لەنێو ئەو دەستەیەدا دروستکردووە.
وردەکاریی کێشەکە
ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە، شاندێکی دەستەکە بە سەرۆکایەتی د. مونا یاقوو- سەرۆکی دەستە، سەردانی گرتوخانەی ئاسایشی سلێمانی کرد و چاوی بە ڕاگیراو "محەمەد قادر تۆفیق" ناسراو بو "حەمە ڕەش" کەوت کە پاسەوانی زیندانیکراوی بەرەی گەلە.
ئەمەش دوای ئەوەی وتەکانی ئەو پاسەوانە کە لە دادگای سلێمانی پێشکەشیکرد لەبارەی ئەشکەنجەدانی لەکاتی لێکۆڵینەوە و "لەپیاوەتی خستنی"، دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، دوای سەردانی شاندەکە، لەناو دەستەکەدا جۆرێک لە ململانێ و گرفت دروستبووە.
بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی دەستەکە تێکەڵەیەکە لە نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە ئەندامانی دەستەکە پێداگریی دەکەن کە دەبێت وتەکانی "حەمە ڕەش" بەو شێوەیەی کە پێشکەشی کردوون، وەکخۆی بۆ ڕایگشتی بگوازرێتەوە، لە بەرامبەردا بەشەکەی تریان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی قسەکانیدا نین.
هەر ئەم ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەش وایکردووە کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تا ئێستا نەتوانێت هیچ ڕوونکردنەوە یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر وردەکاریی ئەو دیدارە و دۆخی تەندروستی "حەمە ڕەش" بڵاوبکاتەوە.