وەزیری نەوتی عێراق: ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەستکەوتێکی گەورەیە
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم محەمەد خدر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٩ پڕۆسەی سوتاندن و بەفیڕۆدانی غازی نێو کێڵگەکانی نەوت بە تەواوی کۆتایی پێدێت.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کە وەزیری نەوت لە باڵەخانەی وەزارەت پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە.
گرنگیی کەرتی نەوت
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی وەزارەتی نەوت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "گرنگیی ئەم وەزارەتە لەو توانایانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە؛ چونکە وەزارەتی نەوت شادەماری ئابووری وڵاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەکەش سامانێکی گرنگە کە دەخرێتە سەر سامانی نەوتی."
هەوڵەکانی وەزارەت
لایخۆیەوە، وەزیری نەوت کورتەیەکی لەسەر هەوڵەکانی وەزارەت و کەرتی نەوت بۆ پەرەپێدانی چوار سێکتەرە سەرەکەییەکە خستەڕوو، کە بریتین لە: (دەرهێنان، غاز، پاڵاوتن و دابەشکردن).
وەزیر بەڵینی دا کە هەموو هەوڵەکان یەکبخەن لەپێناو، دەستەبەرکردنی داهاتە داراییەکان و چالاککردنی دەروازەکان بۆ زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردن.
هەروەها دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هاوڵاتیان، سەرەڕای ئاڵۆزیی و ئاڵەنگارییەکانی ئێستای ناوچەکە.
وەبەرهێنانی غاز
وەزیری نەوت دووپاتیکردەوە کە وەزارەت بەردەوامە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازی کێڵگەکانی نەوت تا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٩ دا سوتاندنی غاز بە تەواوی ڕابگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی گەڕەکانی مۆڵەتدان کرد کە دەبنە هۆی ڕاکێشانی شارەزایی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت.
وەزیری نەوت باسی لە پڕۆژەکانی وزەی خۆر و بەتایبەت پڕۆژەی "شەمسی بەسرە" و گرنگییەکەی کرد. هاوکات ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوبرد.
لە کۆتاییدا، وەزیری نەوت داوای لە سەرۆک وەزیران کرد کە بودجەیەکی پێنج ساڵەیان بۆ دابینبکات تا بتوانن پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەت تەواو بکەن.