ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتەکەی زەیدی چڕ دەکاتەوە؛ ململانێی واشنتۆن و تاران لە بەغداد گەرم دەبێتەوە

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتەکەی زەیدی چڕ دەکاتەوە؛ ململانێی واشنتۆن و تاران لە بەغداد گەرم دەبێتەوە

پەنجەرە 

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، جموجۆڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراقدا ڕووی لە زیادبوون کردووە. واشنتۆن لە ڕێگەی ناردنی نێردراوی تایبەت بۆ بەغداد و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ هێز و سەرکردە سیاسییەکان، دەیەوێت کاریگەری لەسەر هەبێت لەسەر نەخشەی داهاتووی سیاسی عێراق. 

لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەم هەنگاوانە وەک هەوڵێک دەبینن بۆ ڕاکێشانی حکومەتی داهاتوو بەئاراستەی بەرەی ئەمریکا و دەستەبەرکردنی سیاسەتێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ خواستەکانی واشنتۆندا.

ئەم جوڵە  نوێیانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجامدا. لە پاڵ ئەمەشدا، دەیڤید پترایۆس، فەرماندەی پێشووی سەربازیی ئەمریکا، سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ چەندین سەرکردەی سیاسی کۆبووەوە؛ ئەمەش کاردانەوە و ڕەتکردنەوەی لایەنە عێراقییەکانی لێکەوتەوە کە پێیانوایە ئەمریکا دەیەوێت مەرج و کارنامەی خۆی بەسەر حکومەتی نوێدا بسەپێنێت.

حسێن کەرعاوی، کەسایەتی سیاسی عێراق ڕایگەیاند کە دەیڤید پترایۆس و پێش ئەویش تۆم باراکی نێردراوی ئەمریکا، لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی ئیدارەی ئەمریکا، کار بۆ ئەوە دەکەن عێراق وەک گۆڕەپانی ململانێ لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بهێڵنەوە. بە تایبەت دوای ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئاشکراکردنی "بنکەیەکی ئیسرائیلی" لە ناوخۆی عێراقدا دەکەن کە بۆ بەئامانجگرتنی ئێران بەکارهاتووە.

کەرعاوی ئاماژەی بەوەشکرد کە پترایۆس بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدی. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ستراتیژیەتی نوێی واشنتۆنە بۆ گرێدانەوەی حکومەتی نوێ بە پرۆژەی ئەمریکاوە، کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی بەغدادە لە تاران.

 ناوبراو وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت واقیعە سیاسییەکەی ئێستا بقۆزێتەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەتایبەت دوای ئەو پشتیوانییەی کە گرووپەکانی بەرگریی عێراق پێشکەشی ئێرانیان کردووە."

سەبارەت بە ڕەهەندە سیاسییەکانی پشت ئەم جوڵانە، ئیبراهیم سەراج، شیکەرەوەی سیاسی، پێیوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەمان ئەو شێوازەی مامەڵەی لەگەڵ حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیدا دەکرد، ئێستا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی نوێدا دەکات؛ لە ڕووکەشدا بەڵێنی پشتگیریی و هاوکاری دەدات، بەڵام لە ژێرەوە ئامانجی جیاوازی هەیە.

سەراج ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕێنمایی سیاسی، بەکارهێنانی فشار و قۆستنەوەی ناڕێکی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، مۆدێلی سیاسیی عێراق لە هەندێک وڵاتی کەنداو نزیک بکاتەوە تا بتوانێت تێڕوانینەکانی خۆی بەسەر حکومەتە نوێیەکەدا بسەپێنێت. 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا خاوەنی چەندین پڕۆژە و بەرژەوەندیی جۆراوجۆرە لە عێراقدا و لە ڕێگەی ئەم دەستوەردانانەوە دەیەوێت لەسەر دەستی حکومەتەکەی زەیدی ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو