ساردیی هەڵمەتی هەڵبژاردن؛ شەقام خامۆش و میللەت بێ متمانە و ماندوو

٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٤ پاش نیوەڕۆ

ساردیی هەڵمەتی هەڵبژاردن؛ شەقام خامۆش و میللەت بێ متمانە و ماندوو

پەنجەرە

هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سارد و سڕییەکی بێ پێشینە بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک بە نێو شارو شارۆچکەکانی هەرێم دا گوزەر دەکەیت ئاماژەیەکی ئەوتۆ بۆ نزیکی وادەی هەڵبژاردن بەدی ناکرێت.


بانگەشەیەکی سارد و سڕ

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها مانگێک و سێ ڕۆژی ماوە، دۆخەکە لەیێستادا کە لەنێو ۆناغی بانگەشەداین، هێندە سارد و سڕە هیچ ئاماژەیەکی لێ بەدی ناکرێت بۆ نزیکی وادەی پرۆسەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا ململانێی نێوان لایەنەکان میدیاکان و پۆستەکەرەکانیشیان شەقامەکانی تەنیبوو.

لە ئێستادا سارد و سڕییەکەی بێ وێنە بە خەڵک و شەقامەکانەوە دەبینرێت و تەنانەت ململانێی نێوان حزبەکانیش گەرم و گوڕ نییە، لەکاتێکدا کێبەرکێی نێوان حزبەکان لە ڕابردوودا جۆشدەری شەقام و خەڵک بووە.

سارد و سڕی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، ڕەنگە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دا لە ئاستی پێویست دا نەبێت، بەو پێیەی دۆخی شەقام ئەوەی لێ بەدی دەکرێت پێناچێت پرۆسەکە بەلای خەڵکەوە گرنگ بێت.

سارد و سڕی بانگەشەی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، هێشتا لایەنەکان زیاتر لە مانگێکیان لە بەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی بانگەشە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی پێش ئەنجامدانی پرۆسەکەدا لایەنەکان هەڵمەتی بانگەشەکانیان چڕ بکەنەوە.


هۆکارەکان؛ زیاتر لە هۆکارێک

 وەکچۆن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لایەنە عێراقییەکان گرنگە و پێگەیان لە نەخشەی داهاتووی حوکمڕانیدا دیاریی دەکات، بەهەمانشێوە هەڵبژاردنی کوردستان بۆ یەکێتی و پارتی گرنگترە، بۆیە هەموو جارێک هەست بەوە دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەرم و گوڕترە بەراورد بە هەڵبژاردنی عێراق.

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی کوردستان دا گوتاری یەکێتی و پارتی ڕوو لە یەکتری بوو، هێرشیان بۆ سەر یەکتری ئەنجام دەدات و یەکترییان تۆمەتبار دەکرد، بەڵام ئێستا لە گفتووگۆدان و خۆیان بەدوور دەگرن لە هێرش بۆ سەر یەک، ئەمەش بە فاکتەرێکی سارد و سڕی بانگەشە دادەنرێت.

کۆبوونەوەی جەماوەری هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێرشە چڕەکانیان بۆ سەر لایەنە دەسەڵاتدارەکان هۆکارێکی تری جۆشدانی شەقام بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەشێک لە سەرکردەکان لە زینداندان و ئەوانیتریش خاوەن میدیای گەورەو شەقامی بەهێز نین تا گەرم و گوڕی بە پرۆسەکە بدەن.

گرنگترین هۆکار کە بە فاکتەری ساردو سڕی بانگەشە دادەنرێت، ماندووبوونی خەڵک و متمانە نەبوونیەتی بە هەڵبژاردن، بەو پێیەی لە ڕابردوودا لایەنەکان بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووەو هەڵبژاردنیش گۆڕانکاری لێنەکەوتووەتەوە.

سارد و سڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن مەترسی لەسەر پێگەی هێزە ڕکابەرەکانی یەکێتی و پارتی دروست دەکات، بەو پێیەی کەمی ئاستی بەشداریکردنی خەڵک بە زیانی ئەوان کۆتایی دێت، لەکاتێکدا حزبە دەسەڵاتدارەکان تاڕادەیەک خاوەنی دەنگی جێگیر و چەسپاون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو