کازمی و سودانی؛ دوو یان یهك ڕێگا و چارەنووس؟"
٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
سەرلە بەیانی 7ـى 11ـى 2021، عێراقییەکان دووچاری شۆک و شڵەژان بوون، کاتێک بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، هێرشەکان ئەو تێڕوانینەی لای عێراقییەکان تۆختر کردەوە بەوەی، تەنانەت ئاسایشی سەرۆکوەزیرانیش لە وڵات دا پارێزراو نییە.
هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی لەکاتێکدابوو، ژمارەیەک لە لایەنگرانی هێزە شیعەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کوژران و برینداربوون، کاتێک ناڕەزایەتییان دژی پەراوێزخستنیان و ڕێککەوتنی سێ قۆڵی (سەدر، پارتی و سونە) دەربڕی.
کازمی ؛ نەگەیشتە خەونەکەی
دوای ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەرگرت، مستەفا کازمی زۆرترین جوڵەی لەسەر ئاستی عێراق هەبوو، خەونی پێهێنانی کوتلەی پەرلەمانی و مانەوەی لە پۆستەکەیدا داگیری کردبوو، بەڵام دواجار ناچارکرا نهك پۆستهكهى، بهڵكو عێراقیش بەجێبهێڵێت.
کازمی کە هەمیشە لە ململانێی و ناکۆکیدا بوو لەگەڵ لایەنە شیعەکان، بە جێبەجێکاری ئەجێندای ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکرا و دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019، هێزە شیعەکان بە ناچاری ڕازیبوون پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێبدرێت.
کاتێک کازمی سەرۆکوەزیران بوو، ململانێی نێوان ڕەوتی سەدر و لایهنه شیعییهكانى دیكه بە ململانێی سیاسییەوە نەوەستا، بەڵکو هەمووان بوونە شاهێدی شهڕ و ڕووبهڕووبوونهوهى چهكداریی لایەنگرانی سەدر لە نێو شەقامەکانی بەغدا بوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دا.
دۆخەکە بۆ کازمی هێندە قورس بوو، لەلایەک ئیدارەی ناکۆکی نێوان سەدر و لایەنە شیعەکانی دەدا بۆ ئەوەی نێوانیان نەگاتە پێکدادانی چەکداری، لەلاکەی تریش تۆمەتبار دەکرا و هێرش دەکرایە سەر ماڵەکەی.
دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی، کازمی نەک هەر نەیتوانی مانەوەی لە پۆستەکەی گەرەنتی بکات، بەڵکو هەوڵی دەستگیرکردنیشی دراو بە ناچاری عێراقی بەجێهێشت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، دوای هەڵهاتنی لە عێراق کازمی چەند جارێک هەوڵی گەڕانەوەیدا، بەڵام لەلایەن بەشێک لە سەرکردە شیعەکانەوە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی پێگەیەنرا، هەرچەندە دواجار وەکو کارەکتەرێکی لاواز و بێ کاریگەر گەڕایەوە بەغدا.
حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی، پێیوایە ئەوکات بۆیە دژایەتی کازمی دەکرا، هێزە شیعەکان لەو ڕێگەیەوە پەیامی بەهێزی و مانەوەیان بە حکومەت و ئەمەریکا دەگەیاند، بەوەی هیچ هێزێک ناتوانێت بیانسڕێتەوە.
گلی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەمیشە ململانێ لەنێو ماڵی شیعەدا هەبووە، بە تایبەت لە نێوان شیعەی نەتەوەیی و شیعەی وەلائی.
سودانی؛ ڕێچکەکەی کازمی یان ڕێچکەیەکی تر؟
هەرچەندە مستەفا کازمی نەیتوانی پۆستەکەی بۆ لاوازکردنی هێزە شیعەکان و مانەوەی بۆ خولێکی تر بەکار بهێنێت، بەڵام ئێستا محەمەد شیاع سودانی هەمان ڕێچکەی گرتووەتەبەر و دەیەوێت ئهو خەونەى کازمی پێی نهگهشت، ئهم بەدیبێنێت.
ڕەنگە دۆخەکە بۆ سودانی ئاسانتر بێت بۆ شەڕی مانەوەی لە پۆستەکەی و دژایەتی هێزە شیعەکان، بەو پێیەی بارودۆخی ناوچەکە و هاوسەنگی هێز گۆڕاوە و هێزە شیعەکان ناتوانن هاوشێوەی کازمی بەربەرەکانێی بکەن.
هەرچەندە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن سودانییەوە قورس و ئەستەمە، بەڵام توانیویەتی بە بێ گوێدانە ناڕەزایەتی ئەو هێزە شیعانەی پشتگیرییان کرد، هاوپەیمانێتی پێکبهێنێت و ڕکابەرییان بکات.
ئەوەی هێندەی تر هێزە شیعەکانی لە سودانی توڕە کردووە ئەوەیە، کاتێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕایانسپارد، بەڵێنیان لێوەرگرت پۆستەکە بۆ دروستکردنی هێزی نوێ بەکارنەهێنێت، بەڵام سودانی بە پێچەوانەوە مامەڵەی کرد.
لەکاتێکدا سودانی هاوپەیمانێتی پێکهێناوە و ڕکابەری لایەنە شیعەکان دەکات، ئێران لە دۆخێکی دژواردایە و لایەنە شیعەکانیش ترسی بە ئامانجگرتنیان هەیە، بۆیە دەستەوەستانن بەرامبەر جوڵەکانی سودانی و ئەویش دەرفەتەکەی بەجوانی قۆستووەتەوە.
هەرچەندە لە قۆناغی یەکەمی یارییەکەدا سودانی براوە بووە و بێ گوێدانە هێزە شیعەکان لیستی دروستکردووە، بەڵام ئەوە ڕوون نییە لە قۆناغی دووەمدا دەتوانێت سەرکەوتنەکانی بەردەوامی پێبدات و حکومەت پێکبهێنێتەوە، یاخود لە کورسییەکەی دەهێنرێتە خوارەوە و دەبێتە چیرۆکێکی تری لەیادچووی هاوشێوەی کازمی.