"ترامپی بینی"؛ دواجار خه‌ونه‌كه‌ى سودانى به‌دییهات
١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
"به‌دیهاتنى خه‌ونى سودانى"، ڕه‌نگه وردترین وه‌سف بێت بۆ یه‌كتربینینه كورته‌كه‌ى دوێنێی نێوان دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، چونكه له‌وه‌ته‌ى چووه‌ته كۆشكی سپی، بێ هه‌دادان سودانى هه‌وڵی دیداری ترامپ ده‌دات و هه‌موو جارێكیش ئه‌نجام نادرێت.
شەرم شێخ كۆیكردنه‌وه
دوێنێ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ یەکەمجار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، دیداری کرد. ئەم دیدارە لە پەراوێزی کارەکانی لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ ئەنجامدرا، کە ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکەکانی ناوچەکە و جیهانی کۆکردووەتەوە بۆ ڕاگه‌یاندن و واژووكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى له كه‌رتى غه‌ززه.
له‌وێ بۆ ماوه‌ى چه‌ند چركه‌یه‌ك سودانى بینی و پێكه‌وه وێنه‌یان گرت، دواتریش وتى: "ئەمەیە، نەوتی زۆری هەیە."
خه‌ونێك كه بۆ سودانى به‌دییهات
له‌وه‌ته‌ى ترامپ چووه‌ته كۆشكی سپی، سودانى هه‌وڵده‌دات بیبینێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی لە واشنتۆن کە بە تایبەت بۆ پەنجەرە دوا، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تائێستا 17 جار داوای پێشکەشکردووە به‌مه‌به‌ستى ئەنجامدانی سەردانێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیداری ترامپ، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و یەکلاکەرەوەی وەرنەگرتووە.
ئه‌وه‌ى له‌نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌دا هه‌بووه به فه‌رمی، جارێك په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى و دووجار ناردنى په‌یامی نووسراو بووه. ته‌له‌فۆنه‌كه له سودانییه‌وه بۆ ترامپ كرا دواى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا. په‌یامه‌كانیش دانه‌یه‌كیان پیرۆزبایی بوو هه‌ر له سودانییه‌وه بووه بۆ ترامپ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌كو سه‌رۆك، دوه‌میشیان په‌یامێك بووه له ترامپه‌وه بۆ سودانى له‌ڕێگه‌ى نێردراوێكى خۆی له سه‌ردانێكى ڕانه‌گه‌یه‌نراودا، كه تیایدا داواى كۆنترۆڵكردنى گروپه چه‌كداره‌كانى لێكردووه.
لێکەوتەکانی دیداره‌كه
دیداری نێوان سودانی و ترامپ، هەرچەندە پێشبینی دەکرا ڕێوڕەسمی بێت و زیاتر لەسەر بارودۆخی غەززە چڕبێتەوە وەک لە دۆسێی دوولایەنەی عێراق-ئەمریکا، بەڵام وەک هەنگاوێکی گرنگ لە شکاندنی به‌سته‌ڵه‌كى دیپلۆماسیی نێوانیان له ئاستى باڵادا.
بینینی ترامپ و سودانى، له كاتێكى تایبه‌ت و هه‌ستیاردا بو، كه بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سودانیش چاوى له چنینه‌وه‌ى زۆرترین ده‌نگ و دووباره وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه. بۆیه ده‌شێت ئه‌م دیداره هێزێكى تر بدات به كه‌مپینه‌كه‌ى سودانى و كۆتایی به‌و تانه‌یه بهێنێت كه نه‌یاره‌كانى به‌رده‌وام تێیده‌گرن، به‌وه‌ى هه‌ر ده‌یه‌وێت له ئه‌مه‌ریكا نزیك بێته‌وه كه‌چى ئه‌وانیش ئاماده نین پێشوازیی لێبكه‌ن.
ئه‌وه شاراوه نییه كه ئه‌مه‌ریكا له عێراق نیگه‌رانه، به‌هۆی ڕۆڵی گرووپه چه‌كداره وه‌لائییه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌شى له كاربه‌ده‌ستانى ئه‌و وڵاته ده‌یه‌وێت، كۆنترۆڵكردنى ته‌واوه‌تییانه.
ئه‌گه‌رچی عێراق تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه له جڵه‌وكردنی گرووپه‌كان به‌تایبه‌تى له بێلایه‌ن هێشتنه‌وه‌یان له شه‌ڕى نێوان ئێران و ئیسرائیل، به‌ڵام هێشتا به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه ئه‌مه به‌س نییه و هه‌نگاوی توندتری ده‌وێت.
دواجاریش پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، هەرچەندە ئاله‌نگاریی و ساردبوونەوەی بەخۆوە ببینێت، بەڵام واشنتۆن پێیوایە عێراق ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت و ناشیه‌وێت پشگوێی بخات و ده‌ستبه‌رداریی بێت.