هێزێک لە پشت پۆستێک؛ یەکێتی و هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

٢١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٠٥ پاش نیوەڕۆ

هێزێک لە پشت پۆستێک؛ یەکێتی و هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

پەنجەرە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات، کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەو پۆستەی لایە و دەیەوێت بەدەستهێنانەوەی مسۆگەر بکاتەوە.

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سونە و سەرۆکوەزیران بۆ شیعە، لە نەریتی سیاسییەوە پەڕیوەتەوە بۆ ئەوەی کە پێکهاتەکان ئەو پۆستانە بە بەرکەوتەی خۆیان بزانن.


یەکێتی و سەرۆک کۆمار

ڕەنگە هەوڵەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بە گرنگی پۆستەکەوە ببەسترێتەوە، لەکاتێکدا ئەو پۆستە بۆ یەکێتی ڕەهەندێکی ئابووری و سەربازی قوڵتری هەیە جگە لە ڕەهەندە سیاسییەکەی.

یەکێتی تەنها پۆستی سەرۆک کۆماری لا نییە، بەڵکو پێکهاتەی سەربازی پارێزگاریکردنی لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماریشی لەژێر کۆنترۆڵدایە، ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نەبێت.

ئەرکی پاراستنی سەرۆکایەتی کۆمار و هەندێک ناوچەی نزیک لەم سەرۆکایەتییە، لەلایەن دوو لیوای سکرتارییەتی تاڵەبانییەوە ئەنجام دەدرێت.

بوونی ئەو دوو لیوایەی سکرتارییەتی تاڵەبانی لەبەغدا جگە لەوەی لەناوچەیەکی هەستیار جێگیرکراون و ڕەهەندی سەربازی هەیە، هاوکات خەرجی هەردوو لیواکەش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.

بەم پێییە دوو لیواکەی سکرتاریەت لەڕووی پێکهاتە و خاوەندارێتییەوە سەر بە یەکێتین، بەڵام هەموو خەرجییەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە و ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە باری سەرشانی حزبەکەی سوککردووە.

یەکێتی هەمیشە وەکو هێزێکی نزیک لە هێڵی ئێران و لایەنە شیعەکان دادەنرێت، پێدەچێت هەر ئەمەش هۆکاری بێت بۆ مانەوەی ئەو هێزە کوردییە لەناو جەرگەی هەستیارترین شوێنی عێراق دا کە ناوچەی سەوزە و شوێنی مانەوەی بەرپرسانی باڵای عێراقە.

لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆک کۆمار بە عەرەبی سونە نادەن، چونکە ئەگەر هێزەکانی پاراستنی سەرۆک کۆمار لای سونە بن مەترسی کودەتا دێتە ئاراوە.


پێکهاتەی سەرۆکایەتی کۆمار

جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەو هێزەی ئەرکی پاراستنی دامەزراوەکەی لە ئەستۆدایە، ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و ڕاوێژکار پێکهاتەی سەرۆکایەتییەکە پێکدەهێنن.

پێکهاتەی سەرۆکایەتی کۆمار، تێکەڵەیەکە لە کورد و شیعە و سونە، بەڵام بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک کۆمار لە ئێستادا کوردە و ناوی گوهدار ئامێدییە، برای نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی تاڵەبانییە.

 بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی کۆمار هەرچەندە وەکو ڕاوێژکار لێیناڕوانرێت، بەڵام کەسێکە بەناوی سەگڤان و ئەویش کوردە. 

ژمارەی ڕاوێژکارە کوردەکانی سەرۆکایەتی کۆمار تاڕادەیەک کەم بوونەتەوە، بەو پێیەی پۆستی ڕاوێژکار لەڕووی پۆلێنبەندییەوە بەشێکیان گرێبەستن، بەڵام بەشەکەی تریان دامەزرێنراون و ئەمانە ماونەتەوە.

نەورۆز سامسام، پەری نوری و هاوڕێ تۆفیق، لە ئێستادا دیارترین ڕاوێژکارەکانی سەرۆکایەتی کۆمارن، بەڵام دەسەڵاتی دانان و لابردنی ڕاوێژکار لای سەرۆک کۆمارە و هەرکات بیەوێت دەتوانێت گۆڕانکاریی بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو