ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: پێدەچێت نوێنەرەکەی ترەمپ هەوڵی شیعەکان بۆ دیزاینکردنی هەڵبژاردن شکست پێ بهێنێت
٢٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لایەنە شیعەکان هەوڵی دیزاینکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەدەن، بەڵام ئەو نوێنەرەی دۆناڵد ترەمپ ڕەوانەی عێراقی دەکات کار بۆ شکست هێنان بە هەوڵەکانیان دەکات.
بورهان محەمەد فەرەج، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هۆشدارییەکانی ئەمەریکا بۆ بەشداری نەکردنی گروپە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی جۆرێکی تر لە کێشمەکێش و ململانێ.
لەکاتێکدا بڕیارە ڕۆژەی 11 ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، جارێکی تر هۆشداری دا لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن.
بورهان محەمەد دەڵێت: دۆخی ناوچەکە بە گشتی خراپە، بارودۆخی ناوخۆی عێراق ئاڵۆزە و ڕەوتی سەدر جم وجۆڵی هەیە، بۆیە شیعەکان ترسیان لەوە هەیە هەڵبژاردن گرفتی بۆ دروست ببێت.