10%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن
٢٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، 10٪ـی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، شارەزایەکی بواری ماددەی هۆشبەریش دەڵێت ئەو ئافرەتانە بەکارهێنراون.
چالاک محیەدین، شارەزا لە بواری ماددەی هۆشبەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو ئافرەتانەی بە تاوانی ئالوودەبوون و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا دەدرێن، ئەوانەن بەکار دەهێنرێن و لەژێر کاریگەریی دەوروبەردا ئەو کارەیان کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو کەسانەی بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادراون گەیشتووەتە هەزار و 599 کەس کە 977 یان بازرگانی مادەکەن.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 846 کەس بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون و ژمارەی سزادراوانیش گەیشتووەتە 548 کەس.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕی ئەو مادانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لە ساڵی 2023 دا 482.124 کیلۆگرام و لە ساڵی 2024 دا 446.172 کیلۆگرام بووە، بەڵام لە ساڵی 2025 دا زیادیکردووە و تەنیا لە نیوەی یەکەمدا گەیشتووەتە 372.800 کیلۆگرام.
چالاک محیەدین، دەڵێت: پێشتر خەڵکێکی زۆر لە ڕێگەی ماسنجەری نەناسراوەوە پەیوەندی دەکرد و بۆ چارەسەر داوای هاوکاری دەکرد، بەڵام ئێستا کەس پەیوەندی ناکات.