پسپۆڕێکی یاسا: قسەکردنی پەرلەمانتار پێوەر نییە بۆ چالاکبوونی
٢٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری یاسا پێیوایە، کەم قسەکردنی پەرلەمانتار لە نێو دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نابێتە پێوەر بۆ چالاک و ناچالاکی پەرلەمانتار، چونکە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بۆ توانای پەرلەمانتار زۆرن.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕەنگە لە نێو دانیشتنەکانی ئەنجومەن دا فراکسیۆن ڕێکبکەوێت کەسێک بە ناوی هەموویانەوە قسە بکات، بۆیە چالاک و ناچالاکی پەرلەمانتار دەوەستێتەوە سەر ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان و جێبەجێکردنی ئەرک و مەهامەکانی.
ناو بە ناو ناوی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ ژمارەی بەشداریی و قسەکردنیان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە، زۆرجاریش دەبنە جێگەی تانە بەوەی بەشدارییان لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نوێنەران دا نەبووە و مانگانەش بڕێکی زۆر پارەیان وەکو موچە وەرگرتووە.
چۆمان محەمەد، دەڵێت: "ئایا پەرلەمانتارانی کورد گرفتی خاک و کێشەی پێشمەرگە و موچەیان چارەسەر کردووە یاخود بەدواداچوونیان بۆ کردووە؟ ئایا توانیویانە فشار دروست بکەن و لە نێو پەرلەماندا بەزمانی کوردی قسە بکرێت؟"
بەردەوام دەبێت و دەشڵێت: "ئایا پەرلەمانتاری کورد لەسەر جێبەجێ نەکردنی یاسا و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان لەدادگای فیدراڵی دۆسیەیان بۆ بەرپرسانی عێراق کردووەتەوە؟"
پێیشیوایە ئەمانە پێوەرن بۆ چالاکیی و ناچالاکیی پەرلەمانتار نەک قسە کردن.