چارەنوسی گروپە کۆنترۆڵ نەکراوەکان لەناوچەکەدا؛ لە دەسەڵات و هێزەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار

٢٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٠٣ پاش نیوەڕۆ

چارەنوسی گروپە کۆنترۆڵ نەکراوەکان لەناوچەکەدا؛ لە دەسەڵات و هێزەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار

پەنجەرە

لەکاتێکدا پێشتر گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان خاوەن دەسەڵات و هێز بوون لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا ئەو گروپانە لە قەیرانی گەورەدان و ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێیان دەکات. 

گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان پێگەی بەشێکیان لاواز بووە و چاوەڕوان دەکرێت هەنگاو بۆ لاوازکردنی ئەوانیتریش بنرێت، ئەمەش چارەنوسی هەزاران فەرماندە و چەکداریان بەرەو داهاتوویەکی لێڵ ڕەوانە دەکات.

لە لوتکەوە بۆ ترس

گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان کە خۆی لە حیزبوڵای لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و حەماس لە غەززەدا دەبینێتەوە، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا لەژێر هێرشی چڕی سەربازیدا بوون و پێگەیان بەراورد بە جاران لاواز بووە.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانی لەقاڵبدانی حیزبوڵایە لە ڕێگەی حکومەتی ئەو وڵاتەوە، دوایین پەرەسەندنەکانی غەززەش ئاماژە بەچەک داماڵینی حەماس دەکەن و بە ئامانج گرتنی سەرکردەی حوسییەکانیش بەردەوامە.

پێدەچێت عێراق کۆتا قەڵای گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان بێت و هەنگاونانی کرداری دژی ئەم گروپانەش لەسەر کات وەستاوە، هەنگاوەکانیش خۆی لە ئەگەری هێرش بۆ سەریان یاخود کۆنترۆڵ کردنیان لەڕێگەی حکومەتەوە دەبینێتەوە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لەچەک داماڵینی گروپە چەکدارەکانی عێراقی کرد.


فراوانبوونی هەنگاوەکان

تا ئێستا هەنگاوەکان زیاتر لە دژی ئەو هێز و گروپانە بوون کە لە ئێرانەوە نزیکن، بەڵام پێشبینی فراوانبوونی هەنگاوەکان و لەقاڵبدانی تەواوی گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان لە ناوچەکەدا دەکرێت.

زۆربەی گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان بە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکرێن، پێدەچێت هەر ئەمە هۆکارەش پاڵنەری پشت خێراتر کردنی هەنگاوەکان بێت لەدژیان.

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەمانگی نۆی ئەمساڵ لە شاری بەغداوە ڕایگەیاند: لەماوەی (5 بۆ 10) ساڵی داهاتوودا شتێک نامێنێت بە ناوی هێزی چەکدار و گروپی چەکداری کۆنترۆڵ نەکراو، نە لە عێراق و نە لە کوردستان و نە لەناوچەکەش.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هۆکارێکی بەدەنگەوە چوونی پەکەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەوڵێکە بۆ ڕزگاربوونی بە سەلامەتی لەم قۆناغەدا، بەوپێیەی ئاگاداری پلانە نێودەوڵەتییەکانە بۆ لاوازکردنی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان.

لەکاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەهێز مامەڵە لەگەڵ گروپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان دەکەن، بەڵام پاڵپشتی کورد لە عێراق و سوریا دەکەن بۆ بە نیزامییکردنی هێزەکانیان.

ئەمەریکا پاڵپشتی کورد لە سوریا دەکات بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و سود لە هێزەکانی هەسەدەش لە دژی داعش دەبینێت، هەروەها پاڵپشتی دارایی و لۆجستی پێشمەرگەش دەکات بۆ ڕێکخستنەوە و بە نیشتمانییکردنی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو