فەرماندەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە بۆیان نییە سەردانی ئێران بکەن
٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، فەرماندەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە کە هاوپەیمانان پاڵپشتی دارایی و لۆجستییان دەکەن، بۆیان نییە سەردانی هەندێک وڵات بکەن لەنێویاندا ئێران.
رزگار محەمەد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هاوپەیمانان پێشتر مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و ئێستا 15 ملیۆن دۆلار هاوکاری لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکەن، بۆیە دەیانەوێت ئاگایان لە جموجۆڵی ئەو هێزانە بێت.
پێشتر هاوپەیمانان هاوکارییەکانیان بۆ هەندێک لە لیوا و فەوجەکانی پێشمەرگە ڕاگرتووە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوامییان بەهاوکارییەکانیان داوەتەوە.
رزگار محەمەد، دەڵێت: پێشتر هاوکاری هەندێک لیوا و فەوج ڕاگیرا، چونکە فەرماندەکەیان سەردانی ئێرانی کردبوو، یان کەموکوڕی لە هێزەکاندا هەبوو، یاخود هەندێک چەک و تەقەمەنی سەردەمی شەڕی داعش دیار نەمابوو.
هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لیوا یەکخراوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە، کە ژمارەی ئەو لیوایانە سەرووی 24 لیوایە و هەر لیوایەکیش سێ فەوجە.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانان موچەی مانگانەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەیان دابینکردووە، بەڵام دوای ئەوەی موچەی پێشمەرگە خرایە سەر عێراق، بۆیە موچەکەیان بۆ هاوکاری گۆڕی.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی پێشووتری ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمەریکا سیستەمێکی پێداچوونەوەی ئەمنی هەیە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی فەرماندەی لیوا و فەوجەکان دەکات کە مانگانە سودمەند دەبن لە هاوکاری هاوپەیمانان، لیوا و فەرماندەی فەوجەکان فۆرمێکی تایبەت پڕ دەکەنەوە کە زانیاریی کەسیی تێدایە.
هەروەها وتیشی: دواتر فۆرمەکان دەڕواتە بەشی لێکۆڵینەوەو لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان دەکرێت، هەر فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سیستەمی لێکۆڵینەوە دەربچێت هەموو فەوجەکەی هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرێت، هەر فەرماندەیەکیش دەرنەچێت هاوکاری هێزەکەی ڕادەگیرێت تا ئەوکاتەی فەرماندەکە دەگۆڕێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی پێشمەرگە، هەر فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە گەر تێبینی لەسەر دروست بووبێت و لە سیستەمی لێکۆڵینەوەی هاوپەیمانان دەرنەچووبێت، تەنانەت لە ڕووی پێدانی چەک و تەقەمەنیشەوە وەک پێویست هاوکاری لیوا و فەوجەکەی ناکرێت.