میلیشیا شیعەکانی عێراق بێدەنگن بەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکا بۆ داماڵینیان لە چەک

٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٢١ پاش نیوەڕۆ

میلیشیا شیعەکانی عێراق بێدەنگن بەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکا بۆ داماڵینیان لە چەک

پەنجەرە

میلیشیا شیعەکانی عێراق بێدەنگییان بەرامبەر داواکارییەکەی ئەمەریکا بۆ لەچەک داماڵینیان هەڵبژاردووە، بەڵام پێناچێت بەو داواکارییە ڕازی بن هەرچەندە چالاکییە سەربازییەکانیان هەڵپەساردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزە شیعەکانی عێراق کە پۆستی ڕاوێژکاری هەیە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا دەیەوێت لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پرسی گروپە میلیشیاکان چارەسەر بکات، چونکە حکومەتی عێراق کەناڵی فەرمییەو ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد، داوایلێکرد کار بۆ لە چەک داماڵینی میلیشیا شیعەکان بکات.

سەرچاوە نزیکەکە لە هێزە شیعەکان دەڵێت: گروپەکان تا ئێستا حساب بۆ حکومەت ناکەن، بەڵکو بەڵکو خۆیان بە بەشێک لە سیستەمێکی هەرێمایەتی دەزانن. ئەوەی بڕیار لەبارەی گروپەکانەوە دەدات ئێرانەو حکومەتی عێراق ناتوانێت فشار بخاتە سەر ئەو گروپانە.

لەکاتێکدا ئەمەریکا دەیەوێت لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە میلیشیاکان لەچەک دابماڵێت، بەڵام بەپێی زانیاری میدیاکان لەماوەی ڕابردوودا فەرماندەی سوپای قودس ی ئێران سەردانی بەغدای کردووە و هەوڵی نێوەنگیری لایەنە شیعەکانی داوە.

بەڕای چاودێران، چارەنوسی میلیشیا شیعەکان بەستراوە بە هەژموونی ئێران و دانوستانەکانەوە، ئەگەر ئێران دەست بەرداری ئەو گروپانە ببێت ئەوا کۆتایی بە ڕۆڵ و پێگەیان لە عێراق دا دێت.

لە ڕۆژی 19 ی مانگی یەکی 2025، دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: پێشنیارێک هەیە گروپە چەکدارەکان بکرێنە بەشێک لە حەشدی شەعبی، پێشنیارێکی تر ئەوەیە چەکەکانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکەن و تەنها کاری سیاسی بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو